لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا پەرتووکی (مسعود بارزانی قصة جبل آشم) ناسێندرا

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومی و حزبی ڕێوڕەسمی ناساندنی کتێبی (مسعود بارزانی قصة جبل آشم) لە نووسینی (د. ئەیوب گەڵاڵی) بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ـی ١٢ـی ٢٠٢٤ لە شاری ھەولێر، بەئامادەبوونی (مەحموود محەممەد) ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و (د. سالار عوسمان)، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ھەڤاڵ (زکری موسا) نوێنەری بارەگای بارزانی و بەرپرسانی حزبی و حکوومی ژمارەیەک لە ئەکادیمیست و ڕۆشنبیران و نووسەران، ڕێوڕەسمی ناساندنی کتێبی (مسعود بارزانی قصة جبل آشم) لە نووسینی (د. ئەیوب گەڵاڵی) بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا کە (وتار، دۆکیۆمێنتاری، پانێڵ، بەخشینی پەرتووک)ی لە خۆگرتبوو، لە دەستپێکدا (د. سالار عوسمان) بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، باسی لە گرنگیی نووسینەوەی مێژوو و خستنەڕووی مێژووی جەنابی سەرۆک بارزانی کرد و ئاماژەی بەوەدا، پێویستە ھەمووان ھاوکار بن بۆ ئەوەی نووسین و بڵاوکردنەوەی بەرھەمی لەم شێوەیە بەردەوامی ھەبێت.
دواتر فیچەرێک لەبارەی قۆناغ بەندیی نووسینی کتێبەکە و دیدگای ژمارەیەک نووسەر و سیاسەتمەدار و ڕووناکبیری عێراقی و نێوخۆیی پێشکەش کرا.
دواتر لە چوارچێوەی پانێڵێکدا خوێندنەوەیەک بۆ پەرتووکی (مسعود بارزانی قصة جبل آشم) لەلایەن کەسایەتیی دیاری عێراقی (حاکم ھادی عەزیز) کرا و دواتریش دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان کرایەوە.
لە کۆتایی مەڕاسیمەکەدا، ڕێزلێنانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ھەروەھا گوڵی ڕێز و وەفا بە نووسەر بەخشرا.






