٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ٤٠ وڵات لە کردنەوەی کلێسای نۆتەردام بەشدار دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

فەرەنسا -KDP.info- نوێنەری حکوومەتی  ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا گوتی: سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی فەرەنسا دەکات و لەگەڵ سەرکردەی نزیکەی ٤٠ وڵات بەشداری لە مەراسیمی کردنەوەی کلێسایەک دەکات، بۆیە ھاوشێوەی سەرۆکی وڵاتان سەرۆکی ھەرێمیش بەشداری لەو مەراسیمە دەکات و دیدار و چاوپێکەوتنی دەبێت. 

دکتۆر عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکوومەتی  ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٩ کلێسای نۆتردام سوتا و دواتریش نوژەنکرایەوە، بڕیارە حەوتی ئەم مانگە لە مەراسیمێکدا بکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش سەرکردەی نزیکەی ٤٠ وڵات بانگھێشتکراون، سەرۆکی فەرنسا بە فەرمیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانییک بانگھێشت کردووە و  بەشداری لە مەراسیمەکە دەکات، چونکە لە مەراسیمێکدا کلێساکە دوای نوژەنکردنەوە بەشێوەیەکی فەرمیی دەکرێتەوە و سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپیش لەوێ ئامادە دەبێت. 

د.عەلی دۆڵەمەری گوتیشی: بەشداریکردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەو مەراسیمە لە چەند لایەنەک گرینگی ھەیە، ئەمە پەیامێکە لە فەرەنساوە بۆ ھەرێمی کوردستان کە گرینگی بە ھەرێمی کوردستان دەدات، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش لەتەک سەرۆکی وڵاتان بەشدار دەبێت، ئەوەیش لە دیدگای فەرەنسا گرینگی خۆی ھەیە، پەیامێکی دیکە ئەوەیە ھەرێمی کوردستان لە واقعی سیاسی جیھان دەتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێرێت، سەرەِڕای ئەوەی ھەرێمە سەرۆکەکەی وەکو سەرۆکی وڵاتان بانگھێشت کراوە. 

دۆڵەمەری باسی لەوەش کرد: لەو مەراسیمە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان  دەبێت و لەگەڵ سەرۆکی فەرەنساش کۆبوونەوەی دەبێت. 

ڕۆژی شەممە لە پاریس لە وڵاتی فەرەنسا دوای نوژەنکردنەوە، کلێسای کاتێدراڵی نۆتردام بە ئامادەبوونی سەرۆکی نزیکەی ٤٠ وڵات لە مەراسیمێکدا دەکرێتەوە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی نێچیرڤان بارزانییش بەشێوەیەکی فەرمیی لەلایەن سەرۆکی فەرەنسا بانگھێشت کراوە و بەشداری لەو مەراسیمە دەکات. 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار