٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە پەرلەمان ھەناردەی نەوتی ھەرێم، خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی دوو پرسی گرنگ دەکات، یەکەم ھاتنی سەرۆکوەزیرانی عێراقە بۆ پەلەمان و گفتوگۆکردن لەبارەی کۆمەڵێک پرس، هەروەها خوێندنەوەی دووەم بۆ ھەمواری یاسای بودجەی گشتیی عێراق دەکرێت، کە تایبەتە بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە.


د. ڤیان سەبری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سێ پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی و گەڕاندنەوەی موڵکەکان بۆ خاوەنەکانیان و پڕۆژەیاسای باری کەسی، ھێشتا رێککەوتنی کۆتاییان لەسەر نەکراوە و دەنگدانی کۆتاییان لەسەر نەدراوە، چونکە بە تایبەت لەسەر پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی ناکۆکی ھەیە و شیعەکان تێبینییان لەسەر ھەیە بە ھۆی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە، بۆیە جارێ دیار نییە کەی دەتواندرێت ئەو سێ پڕۆژەیاسایە پەسەند بکرێن.
سەبری گوتیشی: ھەر ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دێتە پەرلەمان و یەکەم بڕگەی کارنامەی کۆبوونەوەکەش، دەنگ لەسەر یاسای دەزگای ھەواڵگریی نیشتیمانی دەدرێت و خوێندنەوەی یەکەمیش بۆ ھەمواری یاسای پاسپۆرت و دەکرێت، هەروەها بڕگەی کۆتاییش بریتییە لە خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای ھەمواری بودجە، کە تایبەتە بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، بۆیە ھەوڵ دەدرێت ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی بتواندرێت تێپەڕێندرێت.
ناوبراو باسی لەوەش کرد: ھاتنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پەرلەمان، بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانی سووریا و بەرنامەی حکوومەت و هەروەها ئەو پڕۆژەیاسایانەش کە گرنگن، گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار