نێچیرڤان بارزانى، پێشوازیى له باڵیۆزى نوێى ئیمارات دەکات

ھەولێر-KDP.info- پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2024/12/4 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز عەبدوڵڵا مەتەر خەمیس ئەلمەزرووعی، باڵیۆزی نوێی ئیمارات لە عێراق، پیرۆزباییى ده‌ستبه‌كاربوونى لێ‌كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتگیرییه‌كى خۆى و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى، دووپات كرده‌وه.
لاى خۆیەوە، به‌ڕێز باڵیۆزى ئیمارات سڵاو و ڕێزی سه‌رۆکی ئیمارات جه‌نابی شێخ محه‌مه‌د بن زاید ئال نه‌هیانی گه‌یانده سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی، هه‌روه‌ها ستایشى پەیوەندییە بەهێزەکانی وڵاتەکەی له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا کرد و جەختی لە پابەندیی ئیمارات بۆ بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندییه‌كانى، به‌تایبه‌تى له‌گه‌ڵ هەرێمی کوردستاندا، کردەوە.
له دیداره‌که‌دا به‌ڕێز سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان سڵاو و ڕێزی بۆ جه‌نابی سه‌رۆکی ئیمارات نارد و سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیریی به‌رده‌وامی ئیمارات له عێراق و هه‌رێمی کوردستان دووپات کرده‌وه. هه‌روه‌ها هه‌ردوولا ده‌رباره‌ى فراوانكردنى هاریكاریى هاوبه‌ش لە بوارە جیاکاندا، بیروڕایان گۆڕییه‌وه.
دوایین پێشهاته‌کانى ناوچه‌كه، به‌تایبه‌تى دۆخى سووریا و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه بوو.




