٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تاڤگە عومەر بۆ KDP باسی پەیامە گرنگەكەی سەرۆکی حکوومەت دەكات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-‌ بەڕێوەبه‌ری گشتیی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ ڕایده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته‌ پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەت کرۆکی ئەم یاسا نوێیەی لێبووردنی گشتی بێت و ئەوانەی کە دەستیان سوورە بە خوێنی دایک و خوشک و هاوسەر و کچەکانیان، هەرگیز بەر ڕەحمی هیچ یاسا و لێبووردنێک نەکەون.

پەیوەست بە گرنگیی پەیامەکەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و بڕیاری لێبووردنی گشتی، كه‌ تاوانبارانی کوشتنی ئافرەت ناگرێتەوە، تاڤگە عومەر ڕەشید، بەڕێوەری گشتیی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: "ڕۆژی 25ی نۆڤەمبەر لە ڕاگەیاندنی هەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان، پەیامێکی گرنگی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا، کە بکوژانی ژنان نابێت بەر لێبووردنی گشتی بکەون، دیارە کوشتنی ئافرەت دیاردەیەکی جیهانییە و تایبەت نییە بە شوێن و کاتی دیاریکراو و بکوژەکان و هۆکارەکانی کوشتنیش جیاوازن، هەروەک لە ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتووە، کە لە هەر 10 خولەکێک ئافرەتێک دەکوژرێت، بۆیە ئەم دیاردەیە تەنیا له‌ هەرێمی کوردستان نییە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە.

تاڤگە عومەر جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌: "لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران لە ڕۆژی 25ی نۆڤەمبەر سەردانی ماڵی داڵدەدانی ئافرەتانی هەولێری کرد و بەڵێنی ئەوەی پێدان کە کارنامەی حکوومەت بۆ پاراستنی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو دەبێت و ئەوەندەی بەڕێزیان لای گرنگە لەگەڵ ئازار و ئەندێشەی ئەوان بێت و گوێگری خەم و مەینەتییەکانیان بێت، ئەوەندە ئامادەبوون لە هۆڵی کۆنفرانسەکان و چالاکییەکان گرنگ نییە.

 

ساسان دەروێش

 

هەواڵی پەیوەندیدار