بەڕێوەبەری بەنداوەکان بۆ KDP: بەنداوی گۆمەسپان ١٥%ی ماوە تەواو بکرێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دروستکردنی بەنداوی تازەوە توانیویەتی تا ڕادەیەکی باش قەیرانی ئاو چارەسەر بکات و دەشڵێ: لە ڕێگەی پلانێکەوە حکوومەت لە دروستکردنی بەنداو بەردەوامە، بۆ ئەوەی بە تەواوی لە ھەموو ناوچەکان ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت.
ڕەحمان خانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پلانێکمان ھەیە ئاو بۆ ھەموو ناوچەکان دابین بکەین و کۆمەڵێک پڕۆژەمان ھەن، کە بە ھۆی قەیرانی داراییەوە وەستاون و ھەندێکیان جێبەجێ کراون و بەشێکیشیان ماون، ئەوانەی جێبەجێ کراون گرفتەکان چارەسەر بوون و ئەوانەی ماویشن لە کارکردن تێیاندا بەردەوامین، بۆ ئەوەی پلانی خۆمان جێبەجێ بکەین و سوود لە ئاوی سەر زەوی وەربگرین لەجیاتی ئاوی ژێر زەوی، چونکە ئاستی ئاوی ژێر زەوی دابەزیوە و ئەمەش کاریگەری لەسەر نەوەی داهاتووی ھەرێمی کوردستان دەبێت.
خانی گوتیشی: لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٨وە پلانەکەی ئێمە دەستی پێکردووە و بە قۆناغ ھاتووە، کە لە چوار ساڵی ڕابردوودا توانیومانە نۆ بەنداو تەواو بکەین، کە ئێستا ھەرێمی کوردستان خاوەنی ٢٣ بەنداوی بچووک و ٣ بەنداوی گەورەیە، کە سەرجەمیان ٢٦ بەنداون، بۆیە ئەو بەنداوانە کاریگەریی زۆریان لەسەر نەھێشتنی قەیرانی ئاو هەبووە و قەیرانی ئاویش لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە جیاوازیی ھەبووە، چونکە زەویوزاری ھەرێمی کوردستان زیاتر پشت بە باران دەبەستێت و ئەگەر باران کەم ببارێت، جووتیار تووشی زەرەر و زیان دەبێت، بەڵام دەکرێت ئێمە لە رێگەی دروستکردنی بەنداوەوە کاریگەرییەکە کەم بکەینەوە.
دەشڵێ: لە ھەر شوێنێک بەنداو دروست بکرێت و ئاو گل بدرێتەوە، قەیرانەکە چارەسەر دەبێت یان کەم دەبێتەوە، ھەر بۆیە بە قۆناغ پلانی خۆمان جێبەجێ دەکەین و ئێستاش چوار بەنداوی دیکە لە بواری جێبەجێکردندان، لەوانە گۆمەسپان، کە تەنیا ١٥%ی ماوە تەواو بکرێت و بەشێکی دیکەش بەھۆی قەیرانی داراییەوە وەستاون، بۆیە بە گشتی کاری باش کراوە بۆ ئەوەی تووشی قەیرانی ئاو نەبین لە ھەرێمی کوردستان، ئەویش لە رێگەی دروستکردنی بەنداوی تازەوە، کە لە ھەموو سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و ئاژەڵداری، سوودیان لێ وەردەگرین.
بڵند ئیبراھیم




