بەڕێوەبەری سووتەمەنی بۆ KDP: پێش کۆتایی مانگ ھەموو ھاووڵاتیان نەوت وەردەگرن

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی حکوومی بەسەر ھاووڵاتیاندا بەردەوامە و پێش کۆتایی ئەم مانگە ھەموو ھاووڵاتیان نەوت وەردەگرن.
ئاری کاکەشین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەر ھاووڵاتیاندا بەردەوامە و لە کۆی ٨١ ملیۆن لیتر نەوتی سپی، ٦٢ ملیۆن لیتر دابەش کراوە و ١٩ ملیۆن لیتر ماوە دابەش بکرێت، کە ئەویش بەردەوامە و تا ٢٥ی ئەم مانگە نەوت بەسەر ھەموو خەڵکی سنووری پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆراندا دابەش دەکرێت، چونکە ئێمە نەوت بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش دەنێرین.
کاکەشین گوتیشی: دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان لە کۆتاییدایە، لە ھەریر و شەقڵاوەش ھەندێک ماوە و ٩٠%ی تەواو بووە و لەم رۆژانەدا تەواو دەبێت و لەناو شاریش بەردەوام دابەش دەکرێت، بۆیە تا ئێستا بە گشتی لە سنووری پارێزگای ھەولێر و سۆران نزیکەی ٨٠%ی نەوت بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش کراوە، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ بڕیاری دا پێش ھاتنی وەرزی سەرما پێویستە نەوت بەسەر ھەموو ماڵێکدا دابەش بکرێت، بۆیە پرۆسەکە زۆر بە خێرایی ئەنجام درا و توانرا لە ماوەیەکی کەمدا ڕێژەیەکی زۆری نەوت دابەش بکرێت و بەردەوامیش دەبین تاوەکو ھەمووان نەوت وەردەگرن.
بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر خێزانێک ٢٠٠ لیتر نەوتی پێدەدرێت بە نرخی ١٠٠ ھەزار دینار، کە نرخەکەی زۆر کەمترە لە نرخی بازاڕ، چونکە لە بازاڕ نرخی یەک بەرمیل نەوت سەرووی ١٦٠ ھەزار دینارە ئێستا، کە پێشتر نرخی نەوت لە بازاڕ زۆر گرانتر بوو، بەڵام بە دابەشکردنی نەوتی حکوومی، نرخی نەوت لە بازاڕیش هەرزان بوو.
بڵند ئیبراھیم




