٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چیتر بکوژی ئافرەتان ناتوانن پەنا بۆ لێبوردنی گشتیی ببەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەڵەبجە-KDP.info-  چالاکوانانی ئافرەتان دەڵێن، یاسا بەھێزتر پشتی ئافرەتان دەگرێت، ئیتر ئەوانەی کە دەیانەوێ ئافرەت بکوژن، بۆ ئەبەد شوێنیان زیندانە، چونکە ئیتر بە بریاری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لێبوردنی گشتیی نایانگرێتەوە.

لە ھەڵەبجە کاتێ پرسیارم لەبارەی بڕیای سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی لە ئافرەتان کرد، کە ئیتر بکوژی ئافرەت بەر لێبوردنی گشتیی ناکەوێ، ئەوان گوتیان ئاگادارین ئیتر بکوژێکی ئافرەت بۆ ئەبەد لە زیندان دەرناچێت.

ھەڵەبجە کە ھێشتا برینی کیمیابارانی وشکنەکردووە، ئەمڕو ئافرەتان دڵخۆشتن کە سەیردەکەن رۆژ لەدوای رۆژ بەھێزتر دەبن، یاساکانیش پشتیوانتر،  گوڵستان ئەحمەد سەرۆکى نووسینگەى مافى مرۆڤى هەڵەبجە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی لەبارەی ئەم ھەنگاوە، قسەی کرد و دەڵێت، ئەم بڕیارەی سەرۆکوەزیران زۆر باشە، چاودێریکردنی بەردەوامی دەوێت،  نابێت کەیسەکان سوڵحى عەشایەرییان بۆبکرێت، ترسیش دروست دەکات کاتێ کەسێک بیەوێت ئافرەت و خوشکى بکوژێت، لەبەر زیندانى هەتاهەتایی ئەنجامى نادات، بۆیە ڕێژەى کوشتنى ئافرەت کەم دەکاتەوە.

لە قسەکانی گوڵستان ئەحمەد دیقەتی وێنەیەکی گەورەتری بابەتەکەم دا، کە ئەویش کەمکردنەوەی رێژەی کوشتنی ئافرەت، ئەمە ھەنگاوێکی گرینگە کە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کرانەوە و ھاتنەپێشەوەی ئافرەتان قۆناغ بە قۆناغ پێشەنگی دیموکراسی ناوچەکەی گرتووە.

لەگەڵ نووسینی ئەم راپۆرتەم گەیشتمە دەرەنجامێک کە لە ھەرێم ھێشتا نەریتی عەشیرەتی و یاسای مۆدێرن لە ململانێی بەردەوامدان، بەڵام دیموکراسیەت پێشەنگە، ئەگەر کۆمەڵگە لەسەر ھەندێ پێوەریش سونەتی بێت، ھاتنە پێشەوەی ئافرەتان و کرانەوەی کۆمەڵگە و بەھێزی یاساکان، دەریدەخات کە ھەرێم لە پێشکەوتن و گەشەی بەرداوامی دیموکراسی دایە.

شەهێن هەڵەبجەیی، چالاکوانێکی دیکەی مافی ژنان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی بەھیوای زۆرەوە دەڵێت، ئەو بڕیارە دروست و بەهێز بوو بۆ کۆمەڵگاى ئێمە، بە دڵنیاییەوە کاریگەرى لەسەر کەمکردنەوەى توندوتیژى دژ بە ژنان دەبێت، هیوادارین بڕیارەکە وەک خۆى جێبەجێ بکرێت، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمی کوردستان، بەردەوام پاڵپشتى ئافرەتان بووە، ئەم بڕیاریش پێیگوتین دڵسۆزانە لە خەمى ئافرەتانە و کاردەکات بۆ مافەکانى ئافرەتان، بۆیە سوپاسى دەکەین. 

لە قسەکانی شەھێن ھەڵەبجەیی دەرکەوت، کە ئەمە ئەنجامێکی پێشوەختە لای ئافرەتان دەردەخات کە ئەم بڕیارە ھیوای زۆر دەخاتە نێو ئافرەتانی کوردستان و ھێزێکی گەورەیە بۆ پاڵپشتیان کە ئیتر نەوەک کوشتن، بەڵکوو کاریگەری لەسەر نەھێشتنی توندوتیژی دژ بە ئافرەتانیش دەبێت.

نیشتمان جەمیل چالاکى کۆمەڵگاى مەدەنى، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: بڕیارەکەى سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانى، کاریگەر دەبێت لەسەر ترساندنى ئەو کەسانەی بیر لە کوشتنى ژن دەکەنەوە لە ژێر ناوى جۆراو جۆر، بەهیوام لایەنە پەیوەنددارەکان بڕیارەکە وەک خۆى جێبەجێ بکەن.

لە کۆتایی راپۆرتەکەمدا تێبینی ئەوەم کرد کە وەک نیشتمان جامیل دەڵێت، یاساکە وەک خۆی جیبەجێ بکرێت، لەو ھیوایە تێگەیشتم کە ئیتر ئافرەتان نائومێدنین، بەڵکوو ھیوایان زیاترە و بە یاساکان پشت ئەستوورن، وەک قسەیەکی گاندی ھەیە کە دەڵێت،  "شارستانیەتی نەتەوەیەک بە شێوەی مامەڵەکردنی لەگەڵ ژناندا دەپێورێت" ھیوای ئافرەتانیش بە داھاتویان، پێکەوەژیان و بەرەوپێشچوونی پرسی ئافرەتان لەھەموو بوارێکدا نیشانی ئەوەن کە کۆمەڵگەی کوردستان لە پێشکەوتن و گەشەی بەردەوام دایە.

 

ریپۆرتەر: عەزیز رەسوڵ

هەواڵی پەیوەندیدار