٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی ناوخۆ رێنمایی دەرکردووە بە پێدانی مۆڵەتی شوفێری بۆ نابیستان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا لە ھەموو بوارەکاندا خزمەتێکی باشی کەمئەندامان کراوە و دەشڵێ: پلان ھەیە بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتریان بکەین.

زەکیە سەید ساڵح، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ٧٣ ھەزار و ٢٣٦ کەمئەندام مانگانە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەران ھاوکارییان دەکرێت، کە بەشێکیان ١٥٠ ھەزار دینار و بەشێکیشیان ١٠٠ ھەزار دینار وەردەگرن، بەڵام ئەوانەی ١٠٠ ھەزار دینار وەردەگرن ژمارەیان زۆر کەمە، ھەر لەم کابینەیەدا ئەوانەی لە کەرتی گشتی کار دەکەن و کەمئەندامن، ھاوکاری ١٠٠ ھەزار دینارەکەیان گواستراوەتەوە سەر ئەو شوێنەی مووچەی لێ وەردەگرن.

سەید ساڵح گوتیشی: پرۆسەی بایۆمەتری و (یو پی ئێن) بۆ ھەموو کەمئەندامان بەردەوامە و بۆ ھەر کەمئەندامێک ناسنامەیەک دروست کراوە، کە لە ھەندێک شوێن بەسەرچووە، بەڵام سیستمێکی ئەلیکترۆنیمان بە ھاوکاریی رێکخراوی یونسێف داناوە، کە ھەموو زانیاری و داتای کەمئەندامانی تێدا دەبێت، بۆ ئەوەی ھەموو زانیارییەکی کەمئەندامان بەردەست بێت.

ناوبراو ئاماژەشی دا: ئەو پەیمانگایانەی کە کەمئەندامان تێیدا دەخوێنن، لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و پەیمانگای نابیستان لە کفری و خانەقین و کەلار و کۆیەن و هەروەها ئەوانەی ئەھلیش وەک کۆمەڵگای دایک لە سۆران، کە دەزگای خێرخوازی بارزانی کردوویەتیەوە، نابینا و نابیستانی تێدایە و نزیکەی ٧٠٣ کەس لەو پەیمانگایانە دەخوێنن و فێری پیشە دەکرێن، چونکە لە ھەر پارێزگایەک پەیمانگای راھێنانی پیشەیی ھەیە و فێری پیشە دەبن، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆش رێنمایی دەرکراوە بۆ پێدانی مۆڵەتی شوفێری بۆ نابیستان.

دەشڵێ: ١٠ بۆ ١٢ سەنتەری ئۆتیزممان پێشتر ھەبوو بە ئەھلی و حکوومی و لەم کابینەیەدا ھەوڵ درا مۆڵەت بە کردنەوەی سەنتەری زیاتر بدرێت، کە تا ئێستا ٤٨ سەنتەری ئۆتیزم مۆڵەتیان پێدراوە، کە پێنج لەوانە حکوومین و ئەوانەی دیکەش ئەھلین، ئەوانەی حکوومی زیاد بوونە و لە ھەندێک قەزا و ئیدارە سەربەخۆکان زیاد کراون، لەم کابینەیەشدا پەیڕەوێک دەرچووە، کە بەپێی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠١١ سندووقێک دابنرێت بۆ شیاندنی کەمئەندامان و رێنمایی بۆ دەرکراوە و حیسابی بانکی بۆ کراوەتەوە، ئەو کەمئەندامانەی ناتوانن خۆیان بەکاری خۆیان ھەڵسن لەناو ماڵ، ئەگەر بەخێوکەرانیان فەرمانبەر بن، مۆڵەت بەپێی رێنمایی بە کەسێکیان دەدرێت بۆ ئەوەی چاودێری بکرێن لەناو خێزاندا.

جەختیشی کردەوە: کار دەکەین بۆ ئەوەی ھاوکاریی کەمئەندامانی ھەرێم ھاوتای عێراق بکرێت و ١٣ ھەزار و ١٢١ ناو رێکاری پێویستیان تەواو بووە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە و رەوانەی بەغدا کراون، بۆ ئەوەی وەکو کەمئەندامانی دیکە ھاوکارییان بکرێت، بڕیاریشە سبەی شاندێکی وەزارەت بە سەرۆکایەتیی وەزیر و لایەنی پەیوەندیدار بچنە بەغدا و لەگەڵ عێراق دانیشتن بۆ کۆمەڵێک پرس بکەن، لەوانە پرسی کەمئەندامان و هەروەها ھاوکاری بۆ کەمئەندامانی تازە زیاد بکرێت و مووچەی کەمئەندامانیش لەگەڵ بەغدا ھاوتا بکرێت.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار