مەسروور بارزانی پێشوازیی لە باڵوێزی بەلجیكا لە عێراق و ئوردن كرد

ھەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە باڵوێزی بەلجیكا لە عێراق و ئوردن كرد، باڵوێزی بەلجیكا پیرۆزبایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی لە سەرۆك وەزیران كرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، پێشوازیی كرد لە سێرج دیكشن باڵوێزی بەلجیكا لە عێراق و ئوردن.
باڵوێزی بەلجیكا پیرۆزبایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی كرد و هەردوولا هاوڕا بوون لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت لە ئایندەیەكی نزیكدا، لەمبارەیەوە دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان بە هەنگاوێكی ئەرێنی هەڵسەنگێنرا.
لە بەشێكی تری دیدارەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی گرنگی دابینكردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەكان و دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، دواین پێشهات و پەرەسەندنەكانی عێراق و ناوچەكە و دۆخی ئاڵۆزی سووریا كرا.




