مووسا کەڤال لە ڕێگەی KDPیەوە ھۆکاری بەدەستھێنانی ئەو دەنگە زۆرەی پارتی دەخاتەڕوو

ھەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵێت، پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێناو خەبات بۆ مافی گەلی کوردستان دامەزراوە و دەیان ساڵە تێدەکۆشێت و شەھید و قوربانیی زۆری داوە، بۆیە لە ھەڵبژاردندا سەرکەوتنی گەورەی بەدەست ھێناوە، چونکە خەڵکی ھەرێمی کوردستان ئەوەی لە بەرچاوە و خەباتی پارتی لەبیر ناکات.
د. مووسا کەڤال، سیاسەتمەداری کورد، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ھەڵبژاردنی ئەم دواییەی پەرلەمانی کوردستان، ئەوەی نیشان دا کە گەلی کورد سوورە لەسەر مافی دەنگدان و باشتر تێگەیشتنی ھەیە لە دیموکراسی، کە گرنگیی بۆ ھەرێم ھەیە و سەرەڕای ناکۆکیی نێوان لایەنەکان و فشاری بەغدا لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، میللەتی کورد خۆی بێئومێد نەکرد و خۆی لە دەنگ و ئیرادەی خۆی کردە خاوەن و بەشدارییەکی گەورەی لە ھەڵبژاردندا کرد و دەنگی خۆی دا، ئەمەش ئومێد دروست دەکات کە دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان رۆژ بە رۆژ زیاتر بەھێز بن، بۆیە ئەوە جێگەی خۆشحاڵیی گەورەیە بۆ ھەموو کورد و ئێستاش کاتی پێکھێنانی حکوومەتە بەپێی ئەو دەنگەی لایەنەکان بە دەستیان ھێناوە.
کەڤال گوتیشی: ھۆکاری بەدەستھێنانی ئەو دەنگە زۆرەی پارتی، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پارتی بۆ بەدەستھێنانی مافی گەلی کوردستان دامەزراوە و پارتێکی خاوەن خەباتە و بە دەیان ساڵە شەھید و قوربانی دەدات و خۆی لە وڵاتی خۆی دەکاتە خاوەن، گەلی کوردیش ئەوە لەبیر ناکات و ھەندێک لایەن ڕەنگە بە ھەڵە لێکدانەوەی بۆ بکەن، بەڵام پارتی خاوەن خەبات و قوربانیدانی زۆرە، بۆیە میللەتیش ئەو راستییە دەزانێت و سەرۆک بارزانی ھیچ کاتێک سازش لەسەر مافی کورد ناکات لە بەرامبەر بەغدا یاخود بەرامبەر لایەنی دیکە، ئەمەش دەبێتە جێگەی باوەڕی میللەتی کورد، بۆیە ھەڵوێستی نەتەوەیی پارتی، گرنگیی خۆی ھەبووە، چونکە ئێستا ھیچ لایەنێکی دیکە نییە مافی گەلی کورد لەسەر ئاستی نەتەوەیی بپارێزێت و ئەمنیەت و سەقامگیری و ھاوسەنگیی نێودەوڵەتی دروست بکات و وابکات گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان نەبنە هۆی دژایەتیکردنی ھەرێمی کوردستان، بۆیە خەڵک ئەمانەی ھەمووی لە بەرچاوە و دەنگیان بە پارتی داوە و پارتیش ئەو دەنگە زۆرە و سەرکەوتنە گەورەیەی بەدەست ھێناوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بۆ خولی شەشەم، زیاتر لە ٨٠٠ ھەزار دەنگی بەدەست ھێنا و ٣٩ کورسیی پەرلەمانی مسۆگەر کرد و بووە یەکەم، کە بەراورد بە ھەڵبژاردنی ڕابردوو، زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار دەنگی زیادی کردووە.
بڵند ئیبراھیم




