فراکسیۆنی پارتی بۆ KDP: دەمانەوێت پێش پشووی پەرلەمان ئەم پڕۆژەیاسایانە پەسەند بکرێن

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، کۆمەڵێک پڕۆژەیاسای گرنگمان لە بەردەستدان و دەمانەوێت پێش پشووی پەرلەمانی عێراق پەسەند بکرێن.
د. محەمەد سدیق خۆشناو، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پێش ئەوەی بکەوینە پشووی پەرلەمانی عێراق کە لە ٩/١٢ی ئەم مانگەوە دەست پێدەکات، کۆمەڵێک پڕۆژەیاسای گرنگمان لە بەردەستدان و دەمانەوێت پەسەند بکرێن، لەوانە ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەورە، کە بوونەتە ھۆی ئەوەی موڵکی کوردەکان لە ناوچە کوردستانییەکان داگیر بکرێن و دەمانەوێت ھەڵیانوەشێنینەوە، کە بڕیارە ئەمڕۆ دەنگی لەسەر بدەین و بەپارێزگابوونی پارێزگای ھەڵەبجە ئەویش لای ئێمە زۆر گرنگە و تەنیا دەنگدانی ماوە و کوتلە کوردستانییەکان فشار بۆ پەسەندکردنی دەکەن و شیعە و سوننەش ھەندێک پڕۆژەیاسایان ھەن و دەیانەوێت پەسەند بکرێن، وەکو پڕۆژەیاسای باری کەسی، کە شیعەکان زۆر پێیان خۆشە پەسەند بکرێت و سوننەکانیش دەیانەوێت یاسای لێبووردنی گشتی پەسەند بکرێت.
خۆشناو گوتیشی: یاسایەکی دیکە ھەیە ئێستا کاری لەسەر دەکرێت، ئەویش یاسای فڕۆکەوانیی مەدەنییە، کە خوێندنەوەی دووەمی ئەمڕۆ بۆ دەکرێت و ئەوەی ھەمواری یاسای بودجە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ دەکرێت و کار دەکەین پێش پشووی پەرلەمان پەسەند بکرێت، بۆیە ھەوڵ دەدەین سەرجەم ئەو پڕۆژەیاسایانەی باسمان کردن پێش پشووی پەرلەمان پەسەند بکرێن، چونکە تەنیا یاسای ھەمواری بودجە و فڕۆکەوانیی مەدەنی خوێندنەوەی دووەمیان بۆ دەکرێت و ئەوانەی دیکە بۆ پەسەندکردن ئامادەن.
بڵند ئیبراھیم




