پارێزگاری ئیستەنبوڵ بانگھێشتی پارێزگاری ھەولێری قبووڵکرد

ئیستەنبوڵ-KDP.info- لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ تورکیا و بەشداریکردنی لە پێشانگای MUSIAD EXP ٢٠٢٤، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٤.١١.٢٧، ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە دیوانی پارێزگای شارەکە، لەگەڵ داود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبوڵ کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە ھەریەک لە گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی ھەولێر و یاریدەدەری پارێزگاری ئیستەنبوڵ ئامادەی بوون، پارێزگاری ھەولێر، وێرای گەیاندنی سڵاو و رێزی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە پارێزگاری ئیستەنبوڵ، جەختی لە پەرەپێدان و بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و ئیستەنبوڵ کردەوە.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە ئاسانکاری ھاتووچۆی ھاووڵاتییان لە نێوان ھەولێر و ئیستەنبوڵ، پارێزگاری ھەولێر ئاماژەی بەوەدا، گەلێک جار لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵ، ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دووچاری لێپێچنەوە و ناڕەحەتی زۆر دەکرێن، ھیوای خواست ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت و چیتر بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێت، لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری ئیستەنبوڵ دووپاتی کردەوە کە چارەسەری ئەو گرفتە دەکات.
لە کۆتایشدا، پارێزگاری ھەولێر بەفەرمی بانگھێشتی پارێزگاری ئیستەنبوڵی کرد بۆ سەردانیکردنی ھەولێر و لەبەرامبەردا داود گوڵ، بانگھێشتی بەڕێزیانی قبووڵکرد.





