وەزارەتی پلاندانان، گرنگی قۆناغی سێیەمی سەرژمێری بۆ KDP ئاشكرا دهكات

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئێستا بژمێرەکان سەرقاڵی راھێنانن بۆ قۆناغی سێیەم و کۆتایی پرۆسەی سەرژمێری و دەشڵێ، لە هەفتەی داھاتوودا قۆناغی سێیەمی پرۆسەی سەرژمێری دەست پێدەکات و ١٥ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، کە ٧٧ پرسیار لە ھەر خێزانێک دەکرێت و ئەوەی گرنگە لە ماڵەوە کەسێک ھەبێت وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە.
سیروان محەمەد، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: راھێنانی بژمێرەکان بۆ ئەنجامدانی قۆناغی سێیەمی پرۆسەی سەرژمێری دەستی پێکردووە و تاوەکو ٣۰/١١ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و دواتریش قۆناغی سێیەم و کۆتایی پرۆسەکە دەست پێدەکات، کە لە ماوەی ١٥ رۆژدا پرۆسەکە ئەنجام دەدرێت و کۆتایی پێدێت، چونکە لە قۆناغی دووەمی سەرژمێریدا رێژەی ژماردن ٩٩.٩٩% بووە لە ھەرێمی کوردستان، کە ئەمە لە سەرووی ستانداردی سەرژمێری بووە و لە عێراقیش زیاتر بووە، کە ئەوان ساڵ و نیوێکە ئامادەکاری بۆ دەکەن، بەڵام ئێمە لە ماوەی دوو ھەفتەدا ئەو کارەمان کرد و ئامادەکاریمان بۆ پرۆسەکە کرد، ئەو سەرژمێرییەش نزیک بوو لەو خەمڵاندنەی پێشتر ئێمە ئەنجاممان دابوو.
محەمەد گوتیشی: دوو قۆناغی پرۆسەی سەرژمێری تەواو بوون و قۆناغی سێیەم ماوە، ئەویش قۆناغی پرسیارکردنە و بڕیارە لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا قۆناغی سێیەم کۆتایی پێ بێت و جێبەجێ بکرێت، ئەوکات پرۆسەی سەرژمێری بە یەکجاری کۆتایی دێت لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەو قۆناغەش پێویستمان بە قەدەغەی ھاتوچۆ نییە، چونکە لە ھەر خێزانێک یەک کەس لە ماڵەوە بێت، دەتوانێت سەرجەم پرسیارەکان وەڵام بداتەوە و بژمێرەکانی ئێمەش بە ھۆی ئەوەی خەڵک رۆژانە سەرقاڵی کارکردنن، بۆیە ئێواران زیاتر سەردانی ماڵەکان دەکەن.
ناوبراو باسی لەوەش کرد: قۆناغی سێیەم زۆر گرنگە و وردەکارییەکان ھەمووی ڕوون دەبنەوە، چونکە پرسیاری ورد و پەیوەست بە ھەموو بوارەکان ئاراستەی خەڵک دەکرێت، بۆیە قۆناغی سێیەم دوایین قۆناغ دەبێت و زۆریش گرنگە، چونکە نیشاندەرە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەردەکەون، لەبەر ئەوەی سەرجەم پرسیارەکان ئاراستەی خەڵک دەکرێن، کە قۆناغی سێیەم دوای راھێنانی بژمێرەکان دەست پێدەکات و تا کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، دواتریش پرۆسەی کۆتایی دەست پێدەکات، کە فۆڕمەکە ٧٧ پرسیاری تێدایە و لەلایەن خێزانەکانەوە پڕ دەکرێنەوە و یەک ئەندامی خێزانیش لە ماڵ بێت دروستە، بەڵام پێویستە کارتی نیشتمانیی ئەندامانی خێزان لە ماڵ ھەبێت، بۆیە بەنیازین لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا کارەکانی قۆناغی سێیەم تەواو بکەین و وەڵامی ھەموو خێزانەکانیش پارێزراون و بە ھیچ شێوەیەک ئاشکرا ناکرێن.
بڵند ئیبراھیم




