٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پارتی لە ئەمڕۆوە سەردانی لایەنەکان دەکات و دەرگاشی بۆ هه‌مووان کراوەیە"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەین، لە ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتییە گەورەدابن کە خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنەکان ئەو ئەرکەیان خستووەتە سەر شانی هەموومان، پارتی لە ئەمڕۆوە سەردانی لایەنەکان دەکات و دەرگای کراوەیە. 

ئه‌مڕۆ چوارشەممە، هێمن هەورامی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، یەک حکوومەت و یەک هێزی پێشمەرگە، لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن بەبێ بوونی ڤیتۆ، پارتی دەرگای کراوەیە و سەردانی هەموو لایەنەکان دەکات.

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی  دەشڵێت: "قۆناغێکی نوێیە خەڵکی کوردستان بۆیە بەشداری لە هەڵبژاردن کردووە، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا کابینەی 10یەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست ببێت و ئەو ئەرکانەی لەسەر شانی کابینەی 10یەمی کوردستانە لە برەودان بە  بەردەوامیدان بە ڕێفۆرمێکی سەرانسەری، بە باشتر کردنی بارودۆخی خەڵکی کوردستان، بە ئیدارەدان بەو مەلەفانەی لەگەڵ بەغدا هەن و لەگەڵ ئەو دروشمانەی بەرزکراونەتەوە پارتی دیموکراتی کوردستان دەتوانێت جێبەجێیان کات".

هێمن هەورامی دەشڵێت: "ئێمە داوامان لە هەموو لایەنە سیاسییەکان هەیە، لە ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتییە گەورەدابین کە خەڵکی کوردستان بە بەشداری فراوانی هەڵبژاردنەکان ئەو ئەرکەیان خستووەتە سەر شانی هەموو لایەنەکان، جا ئەوانەی دەبن بە ئۆپۆزیسیۆن یان ئەوانەی دێنە ناو کابینەی 10یەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە دواجار هەموومان بەشێکین لەو دۆخە سیاسییەی کە خەڵکی کوردستان بەشداری بۆ کردووە، لە ئەمڕۆوە پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی لایەنەکان دەکات". 

هەواڵی پەیوەندیدار