چالاکوانانی ئافرەت بۆ KDP: بڕیارەکەى مهسروور بارزانی پێویستە بۆ کۆمەڵگاى ئێمە

هەولێر-KDP.info- ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، بە بڕیارى سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانى، هیچ لێبووردنێکى گشتى ژنکوژەکان ناگرێتەوە و سزاى توند دەدرێن، چالاکوانانی ئافرەت و مامۆستایانی زانکۆش دەڵێن، بڕیارەکە بۆ ئافرەتان زۆر گرنگە و دەبێتە هۆى کەمکردنەوەی ڕێژەی کوشتن و توندوتیژى دژ بە ژنان.
هێرۆ وەکلى، چالاکوانى مافەکانى ئافرەتان، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: بڕیارى سەرۆکوەزیرانى کوردستان مەسروور بارزانى، بە بێبەشکردنى ژنکوژەکان لە لێبووردنى گشتى، زۆر گرنگە و جێگاى دەستخۆشییە، چەندان ساڵە ڕێکخراوەکانى ئافرەتان و ژنان هەوڵ بۆ بڕیارێکى لەو شێوەیە دەدەن، کە دەبێتە هۆى کەمکردنەوەى ڕێژەى توندوتیژى دژ بە ژنان.
وەکلى دەڵێ: لە ماوەکانى پێشوودا ژنکوژەکان لە دەرەوەى زیندانەکان بوون بە هۆى ئەوەى بەر لێبووردنەکان دەکەوتن، بەڵام ئەم بڕیارە پێمان دەڵێ، یاسا سەروەر دەبێت و کارى خۆى دەکات، بکوژەکانیش چاوەڕێی ئەوە ناکەن بۆ ماوەیەک لە زیندان بن و لە ڕێگاى ڕێککەوتنى کۆمەڵایەتییەوە ئازاد بکرێن، بۆیە پێویستە ڕێکخراوەکان بە جیددى کار لەسەر ئەو پرسە بکەن و لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و کۆڕ و سیمینارەکاندا قسەى لەسەر بکرێت و هۆشیاریى گشتى لەسەر گرنگیی بڕیارەکە بدرێت.
تەرزە محەمەد، مامۆستای زانکۆ، باوەڕی وایە: بڕیارەکەى سەرۆکوەزیران بۆ بێبەشکردنى ئەو کەسانەى بە تاوانى کوشتنى ژن سزا دەدرێن لە لێبووردنى گشتى، بڕیارێکى پەسەند و پێویستە بۆ کۆمەڵگاى ئێمە، کە پیاوسالارییە و لەژێر ناونیشانى شەرەف و نامووس و هتد، ژن و خوشک و کچیان دەکوژن، بۆ کابینەکانى ڕابردوو و کابینەى نۆیەمی حکوومەتیش، یاسای پاراستنى مافەکانى ئافرەتان گەورەترین دەستکەوتە، نابێت لە ژێر هیچ ناونیشانێک ژن بکرێتە قوربانى، ئەو بڕیارە بە پیرۆز بۆ ژنان و ئافرەتان دەبینین و پاڵپشتیى تەواوى دەکەین.
تەرزە دەڵێ: بڕیارەکەى سەرۆکوەزیران لە سۆنگەى خەمخۆرییەتى بۆ پاراستنى گیان و ژیانى ئافرەتانى کوردستان، ئەو ڕێکارە یاساییانەى گرتوونیەتە بەر، بە ئاسانى نەبووە و مافى ئافرەتان لە ڕووى یاساییەوە گرنگیى تەواویان پێدراوە، بۆیە بڕیارەکە بە تەواوەتى دەبێتە هۆى کەمکردنەوەى توندوتیژى دژ بە ژنان، بێگومان ئەرکى ڕێکخراوەکانە هۆشیاریى تاک بڵاو بکەنەوە لە کۆمەڵگادا و دادپەروەرى لە نێوان ژن و پیاودا بچەسپێندرێت.
عهزیز ڕهسوڵ




