ریڤینگ ھرووری: عێراق دەتوانێت بە سێ رێگا خۆی لە مەترسییەکانی داعش بپارێزێت

دھۆک-KDP.info- سەرۆکی پێشووی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: داعش تا ئێستا مەترسییەکی جیددییە بۆ سەر عێراق، ئەو وڵاتەش بۆ خۆپاراستنی لە مەترسییەکانی داعش، دەتوانێت سێ رێگا بگرێتە بەر، ئەوانیش سەروەریی خۆی لە دەستی دەرەکی وەربگرێتەوە و ھەماھەنگیی زۆر باشی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم و پێشمەرگە ھەبێت و ھاوپەیمانان لە عێراق بمێننەوە و ھاوکاریی عێراق بکەن، ئەگەرنا مەترسی ھەیە داعش جارێکی دیکە چەند ناوچەیەک لە عێراق داگیر بکات.
ریڤینگ ھرووری، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ژینگەی عێراق و سووریا زۆر لەبارن بۆ ئەوەی داعش جارێکی دیکە خۆی تێیاندا رێک بخاتەوە و مەترسی دروست بکات، بۆیە بە ھۆی ئەو مەترسییەوە ھاوپەیمانان لەو بڕوایەدان ئەگەر ئەوان نەبن، جارێکی دیکە داعش سەرھەڵدەداتەوە، چونکە پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە عێراق و سووریا، رێگاخۆشکەرە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش جارێکی دیکە خۆیان رێک بخەنەوە، بەڵگەش ئەوەیە لە کەمپی ھۆل بە ھەزاران کەسی لێیە و ژمارەیەکی زۆری ئازاد کراون و ھاتوون بۆ عێراق، لەم چەند ڕۆژەشدا ھێزەکانی عێراق لە رێگەی ئاسمانییەوە چەند تیرۆریستێکیان کوشت و چەند ئەفسەرێکی عێراقیش لەم ڕۆژانەدا لە لایەن داعشەوە کوژران، جگە لەوەش ڕفاندنی خەڵک بەردەوامە و ئەمانەش ھەمووی نموونەن کە داعش خۆی ڕێک خستووەتەوە.
ھرووری گوتیشی: ژمارەی تیرۆریستانی داعش زۆرە و بیانییشیان تێدایە و گرووپیان زۆرن و ھێرشی سەر زۆر شوێن دەکەن و تەعدا لە خەڵک دەکەن و سەرانە لە جووتیاران وەردەگرن، بۆیە ھاوپەیمانان لە عێراق نەمێنن، مەترسیی گەورە بۆ سەر عێراق دروست دەبێت، چونکە عێراق یەک ھێزی نییە و چەندین جۆری ھێزە و ھەندێک ھێز پابەندی فەرمانەکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق نابن، بۆیە ھاوپەیمانان بکشێنەوە داعش دەتوانێت ھەندێک ناوچە داگیر بکات.
ناوبراو باسی لەوەش کرد: عێراق خۆشی ھەست بە مەترسیی کشانەوەی ھاوپەیمانان دەکات، بەڵام بەھۆی فشاری دەرەکییەوە ئەو داوایە دەکات و ھەندێک حیزبی ناو عێراقیش سەر بە وڵاتانی دەرەوەن، ئەگەرنا خۆشیان دەزانن پێوستیان بە ھاوپەیمانان ھەیە، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ ئەوەی مەترسیی داعش نەمێنێت، ئەوەیە کە عێراق سەروەریی خۆی وەرگرێتەوە و چیتر نەچێتە ژێر فشاری دەرەکی و پەیوەندیی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم و پێشمەرگە باشتر بکات و ھێزی ھاوپەیمانان بمێننەوە، بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت خۆی لە مەترسیی داعش بپارێزێت، ئەگەرنا مەترسیی داعش بۆ سەر عێراق زۆر گەورە و جیددییە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی (میپس) لە دھۆک، باسی لەوە کرد، کە داعش ئێستا زۆر لە ساڵی ٢٠١٤ بەھێزترە، چونکە ئەوکات داعش تەنیا چەند سەد کەسێک بوون، بەڵام ئێستا بە ھەزاران چەکداری داعش لە سووریا و عێراق و سەرتاسەری جیھاندا ھەن.
بڵند ئیبراھیم




