٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

په‌یامى نێچیرڤان بارزانى له‌ ڕۆژی جیهانیی بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتان

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان په‌یامێکی له‌ ڕۆژی جیهانیی بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتاندا بڵاوکردەوە و، دەڵێت، ئافرەتان دڵنیا دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ نەھێشتنی ھەموو جۆرەکانی توندوتیژی و جیاکاری بەرانبەر ئافرەتان.

دەقی په‌یامى سەرۆکی ھەرێمی کوردستان.

لە ڕۆژی جیھانیی بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتاندا، پابەندیمان بە پاراستنی مافەکانی ژنان لە کوردستان نوێ دەکەینەوە، ھەروەھا دڵنیایان دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ نەھێشتنی ھەموو جۆرەکانی توندوتیژی و جیاکاری بەرانبەر ئافرەتان. تواناسازی و بەھێزکردنی پێگەی ژن، بەردی بناغەی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و پێشکەوتووترە.

ھەرێمی کوردستان پێشەنگ بووە لە پشتگیریکردنی مافەکانی ئافرەت و دابینکردنی دەرفەت بۆ بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسی و کارگێڕی بە یەکسانی لەگەڵ پیاودا. ئێمە باوەڕمان وایە کە ژن نەک تەنھا ھاوبەشێکی سەرەکییە لە بڕیاردان، بەڵکو بنەمایەکە بۆ گۆڕانکاری و گەشەپێدانی بەردەوام.

لەم ڕۆژەدا، داوای ھاوکاریی زیاتر دەکەین لەنێوان دامەزراوە حکوومییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکاندا، بۆ بڵاوکردنەوەی زیاتری ھۆشیاری و بەھێزکردنی بەھاکانی لێبوردەیی و یەکسانی. ھەروەھا جەخت دەکەینەوە کە بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتان، پێویستی بە ھەوڵی ھاوبەشی ھەمووانە بۆ دڵنیابوون لە بنیاتنانی داھاتوویەکی گەش و ئارام بۆ ھەموو تاکەکانی کۆمەڵگە.

ھەر لەم بۆنەیەدا بەڵێن بە ئافرەتانی کوردستان دەدەین کە بێ وچان بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ بەدیھێنانی دادپەروەری و یەکسانی و بەھێزکردنی تواناکانیان بۆ جێبەجێکردنی ڕۆڵی گرنگیان لە خزمەتکردن و بنیاتنانی وڵاتدا.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

٢٥ی نۆڤبەری ٢٠٢٤

هەواڵی پەیوەندیدار