٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ھەڵمەتێکی نیشتیمانی ڕاگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بۆ ھەڵمەتی نیشتیمانی ۱٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

دەقی بەیاننامەکەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان.

توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و جیھانییە، دەرخەری مامەڵەی نادروستی تاکەکانی خێزان و کۆمەڵگەی و گرووپە جیاوازەکانە بەرامبەر بە ئافرەتان.

توندوتیژی ڕەنگدانەوەیەکی قووڵی لەسەر ژیانی تاک و کۆمەڵگە بەگشتی ھەیە بەتایبەت توندوتیژی خێزانی، ئەم جۆرە توندوتیژییە ھۆکاری نایەکسانی ‌نێوان ھەردوو ڕەگەزە لە ڕۆڵ و ئەرک و مافدا کە دەبێتە ھۆی پێشێلکاریی لەبەرامبەر مافەکانی مرۆڤ بەتایبەت ئافرەتان. 

لەژێر ڕۆشنایی ئەم تێروانینە بۆ ڕەوشی خێزان، ئێمە وەک یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بۆ ئەمساڵ بۆ ھەڵمەتی شانزە ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەئافرەتان، دیدی ڕێکخراوەکەمان جەختکردنە لەسەر دروشمی 'یەکدەگرین و خێزان دەپارێزین'' بەو مانایەی ھەردوو ڕەگەز بەرپرسیار و بەشدار و ھاوبەشن لە پێکھێنان بنیادنان و پتەوکردنی خێزان و کۆمەڵگە، مافی خاوەندارێتی و بەرپرسیارێتی بۆ ھەردوو ڕەگەزە بەبێ جیاوازی.

ئەم بۆنە بە دەرفەت دەزانین جەخت بکەینەوە لە گرنگی ئاشتی لە نێو خێزان و تاکەکانی ناو کۆمەڵگە، ئێستا پرسی توندوتیژی گشتگیرتر کاری لەسەر دەکرێت و لە چوارچێوەی خێزان چڕ کراوەتەوە بەو ئامانجەی ڕێگە لە تووندوتیژی خێزانی بگیرێت بە مەبەستی ڕێگریکردنی توندوتیژی و تەشەنەنەکردنی لەناو کۆمەڵگە و دوورکەوتنەوە لە ستەم و خۆسەپاندن، واتە نایەکسانی و نادادپەروەری و ھەموو تاکڕەویی و توندوتیژی و دەستدرێژییەک بۆ سەر ھەرتاکێکی خێزان ڕەتبکرێتەوە، خێزانەکان دووربن لە جۆرە جیاوازەکانی زەبروزەنگ و توندوتیژی جەستەیی و دەروونی و سیمبوڵی. ھاوکات چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەکی ئاشتیانە و شارستانیانە، دواجار ئەگەر شیرازەی خێزان پارێزراو و سەلامەت بێت بێگومان ئافرەتانیش دووردەبن لە توندوتیژی و چەوساندنەوە.

ھاوکات لەم ڕۆژەدا ڕۆڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین کە پلانی نیشتمانیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەلایەن حکوومەت و لایەنی پەیوەندیدارەوە چۆتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، دەکرێت بڵێین حکوومەتی ھەرێم ڕۆڵێکی سەرەکی ھەیە لە چەسپاندنی بنەماکانی پاراستنی مافی ئافرەتان، ئێستا ئافرەت بەشدار و کارەکتەرێکی سەرەکی بنیادنان و گەشەپێدانی تاک و خێزان و کۆمەڵگە و ژێرخانی کۆمەڵایەتییە. گرنگیدان بە توانا مرۆییەکانی ئافرەتان وایکردووە کە تێگەیشتنی کۆمەڵگە و خێزان بەگشتی بۆ ئافرەت لە ئاستێکی باشتردا بێت ئەمەش ئاکامی ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە.

لەم ڕۆژەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو ئافرەتانە دادەنەوێنین کە بوونە قوربانی کولتووری توندوتیژی و نادادپەروەری کۆمەڵگە.

 

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان

۲٤ـی نۆڤەمبەری ۲٠۲٤

هەواڵی پەیوەندیدار