یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان: پشتیوانی لە ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی دەکەین

هه‌ولێر-KDP.info- سه‌رۆكی یه‌كێتیی زانایانی ئیسلامی كوردستان پشتگیری خۆی بۆ سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی به‌رگریكردن له ئایین و دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی ڕاگه‌یاند و ده‌ڵێ: په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی وەک ھەمیشە ڕه‌وشتی سه‌ركرده‌ی ڕاسته‌قینه‌یه.
ڕۆژی هه‌ینی ڕابردوو سه‌رۆك بارزانی له چوارچێوه‌ی گوتارێكی له پێنجه‌مین كۆڕبه‌ندی ئاساییش و ئاشتیی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕایگه‌یاند "هه‌ر میلله‌تێك و نه‌ته‌وه‌یه‌ك و ناوچه‌یه‌ك داب و نه‌ریتی خۆی هه‌یه، هه‌ندێك شت په‌یوه‌ندی به ئاین و مه‌زهه‌به‌وه هه‌یه، نابێت له ده‌ره‌وه، ئه‌وه‌ی لای ئه‌وان ڕه‌وابێت لەسه‌ر خه‌ڵكی تریش فه‌رزی بكه‌ن، خەڵکی ئێره، له كوردستان و عێراق و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دینداره، چ موسڵمان چ مه‌سیحی یان ئاینه‌كانی دیكه، نابێت به‌شێوه‌یه‌ک مامه‌ڵە بكرێت ئه‌وه‌ی لای خه‌ڵكێك ڕه‌وایه لێره‌ش بە هه‌مان شت قبووڵی بكه‌ن، ده‌بێت ئیحترامی مه‌شاعیری یه‌كتر بگرین، ئێمه به‌ش به‌حاڵی خۆمان به هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده نین ده‌ست له دین و مه‌زهه‌ب و داب و نه‌ریتی خۆمان هه‌ڵبگرین بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێكی دیكه له ئیمه ڕازیبێت".
د.عه‌بدوڵڵا سه‌عید، سه‌رۆكی یه‌كێتیی زانایانی ئیسلامی كوردستان به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: وته‌كانی سه‌رۆك بارزانی هه‌مووی جێگه‌ی ڕێز و سوپاسه، ئه‌وه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه به‌ڕێزیان پارێزگاری له ئاین و ئه‌خلاق و داب و نه‌ریتی جوانی میلله‌تی كوردستان ده‌كات، ئه‌مه وەک ھەمیشە ڕه‌وشتی سه‌ركرده‌ی ڕاسته‌قینه و خه‌خمۆری میلله‌تی خۆیەتی، كاتێك به‌رگریی له‌وه ده‌كات خه‌ڵكێك ده‌یه‌وێ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆی كه‌لتوورێكی نامۆ به ئایین و بیروباوه‌ڕی ئێمه بێنێته ناو هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێزیان هه‌ستیان به مه‌ترسییه‌كه كردووه، بۆیە به ڕاشكاوی به‌رگری له ئاینی پیرۆزی ئیسلام و داب و نه‌ریتی میلله‌تی خۆی دەکات.
د.عه‌بدوڵڵا سه‌عید گوتی: ئه‌و هه‌نگاوه‌ی سه‌رۆك بارزانی جێگه‌ی خۆشحاڵی ئیمه‌یه، وه‌ك یه‌كێتیی زانایان پشتیوانی جه‌نابیان ده‌كه‌ین و هه‌ر ئه‌وه‌ش له سه‌رۆك بارزانی چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین، چونكه خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فای بارزانی ڕۆڵ و كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌بووه له پاراستنی ئاین و قیه‌م و ئه‌خلاقی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه، سه‌رۆك بارزانیش درێژه‌پێده‌ری هه‌مان په‌روه‌رده و قوتابخانه‌ی بارزانی نه‌مره، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش سه‌رۆك بارزانی وه‌ك ده‌رچوویه‌كی قوتابخانه‌ی بارزانی هه‌وڵ ده‌دات له‌سه‌ر هه‌مان ڕێڕه‌و به‌رده‌وام بێت بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له ئایین و خاك و نیشتمان بكات.
قائید میرۆ




