سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بۆ KDP: دەمانەوێ وشەی (ئینفاقی فعلی) لە یاسای بودجەدا نەمێنێت

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەم ھەفتەیەدا پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و یەکێک لە بڕگەکانی کارنامەی کۆبوونەوەکەش، خوێندنەوەی یەکەم بۆ ھەمواری یاسای بودجە دەکرێت، کە ئێمەش کۆمەڵێک داواکاریمان ھەیە، لەوانە پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم و بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان.
د. ڤیان سەبری، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: رۆژی سێشەممە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و لە بڕگەی چوارەمی بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ ھەمواری یاسای بودجە دەکرێت بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، بۆیە ئێمەش وەکو ھەرێمی کوردستان بۆ ھەموارکردنەوە کۆمەڵێک داواکاریمان ھەیە، بۆ ئەوەی لە ھەمواری یاسای بودجەدا جێگیر بکرێن لەبارەی نەوت و دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت و نرخی نەوت و دەرھێنانی نەوت و دەمانەوێ وشەی (ئینفاقی فعلی) لە یاسای بودجەدا نەمێنێت.
سەبری گوتیشی: لەم کۆبوونەوەیەدا جارێ خوێندنەوەی یەکەم بۆ ھەمواری یاسای بودجە دەکرێت و چاوەڕێ دەکرێت خوێندنەوەی دووەم و پەسەندکردن بکەوێتە دوای پشووی یاسادانان، کە ماوەکەی یەک مانگ دەبێت، بۆیە گفتوگۆیەکی زۆر باش لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەیە و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لەم دوو رۆژەی ڕابردوودا باسی کرد، بۆیە ئێمەش لە ھەمواری یاسای بودجەدا باسی ھەموو وردەکارییەکان دەکەین و دەمانەوێت چیتر بودجەی ھەرێم بە (ئینفاقی فعلی) گرێ نەدرێت و مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا بدرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێ: ھەوڵی جیددی دەدرێت داواکارییەکانی ئێمە لە ھەمواری یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا جێگیر بکرێن.
بڵند ئیبراھیم




