"پێویستە ھەمووان ھاوکار و پاڵپشتی داواکاریی سەرۆک بارزانی بن"

ھەولێر-KDP.info- پەیوەست بە یەكخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە و هەبوونی یەك لە شكری كوردستان و جەخت كردنەوەی سەرۆك بارزانی كە پێویستە یەک ھێزی پێشمەرگە لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت و ھەموو ھێزی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە بێت، دوو بەرپرسی پلە باڵای پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێن، پێویستە ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی یەک ھێزی پێشمەرگە.
ئەنوەری حاجی عوسمان دەشڵێ، "ئەمە ھەنگاوێکی زۆر گرنگە و خەڵکی ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگەش ئەو ئاواتە دەخوازن ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن یەک لەشکر و ھەموو ھێزی پێشمەرگە یەک بخرێت، چونكە ئەوە لە بەرژەوەندی ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستان دایە.
پەیوەست بە هەبوونی یەک لەشکر و یەكخستنی ھەموو ھێزی پێشمەرگە، فەریق جەمال ئیمینکی، سوپاسالاری پێشووی پێشمەرگە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەر لەسەرەتای کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرۆکی حکوومەت داکۆکی لەسەر ئەوە کردووە پەلە بکرێت لەیەکخستنی ھێزی پێشمەرگە و ھەموو ھێزەکان یەکبخرێن و لەژێر کۆنتڕۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەدابن، کە ئەمەش ھەنگاوی زۆر باشی بۆ نراوە و چەندین لیوا و فیرقە دروست کراون و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت تاوەکو سەرجەم ھێزەکان دەکەونە ژێر کۆنتڕۆڵی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆیە پێویستە ھەموو لایەنێک ھاوکار و پاڵپشتی ئەو داواکاریەی سەرۆک بارزانی بن بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن لەشکرێکی بەھێز و یەکگرتوو.
ئیمینکی دەشڵێت، بڕیار وایە ئەو پرۆسەیە بەردەوام بێت و کە تاوەکو ئێستا نەوەستاوە و ھەنگاوی زۆر باشیش نراوە و تا ساڵی داھاتوو ھەموو ھێزی پێشمەرگە یەک دەخرێن و دەکەونە سەر وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھاوکات یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەش بەکردار کاری بۆ کراوە و کاری زیاتریش لە داھاتوو دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




