هۆشیار زێباری: خەریكە عێراق پەلكێشی نێو شەڕ و ناكۆكییەكانی ناوچەكە دەكرێت

دهۆك-KDP.info- ھۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایدەگەیەنێت، ئاسۆیەکی ڕوون نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی ناوچەکە و لەوەش خراپتر خەریکە شەڕەکە بەرۆکی عێراقیش دەگرێت، ئەوەش بەھۆی ڕەفتاری نابەرپرسانەی چەند گروپ و لایەنێکی نادەوڵەتی و ناحکوومی کە بە ئەنقەست بێت یان نا، دەیانەوێت عێراق پەلکێشی نێو شەڕەکە بکەن.
ئەمڕۆ ھەینی ٢٢-١١-٢٠٢٤، بە بەشداری سەرۆک بارزانی و ١٢٤ سەرۆک و کەسایەتیی دیکەی جیھانی و ناوچەکە و عێراق، پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست "مێپس-٢٠٢٤" لە شاری دھۆک بەڕێوەدەچێت، تەوەری سەرەکی کۆڕبەندەکەش، ناکۆکییەکانی ناوچەکە و ئالییەتی ڕێگریکردنە لە فراوانبوونی گرژییەکان.
ھۆشیار زێباری، لەمیانەی بەشداریکردنی لە پانێلی "بونیاتنانی خۆشگوزەرانی" لەڕێگەی ھەماھەنگی نێوان سیاسەتی گشتی و سیاسەتی دەرەکی و جوگرافیای ئابووری" لە کۆڕبەندی مێپس٢٠٢٤ بەشداریکرد و ڕایگەیاند، بەھۆی ڕەفتاری نابەرپرسانەی چەند گروپ و لایەنێکی نادەوڵەتی و ناحکوومی، خەریکە عێراق پەلکێشی نێو شەڕ و ناکۆکییەکانی ناوچەکە دەکرێت، ئەمەش دەرئەنجامی باشی نابێت.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، زێباری ئاماژەی بەوەکرد، حکوومەتی ئێستای عێراق ھەوڵی بنبڕکردنی دەدات، بەڵام گەندەڵی ھەڕەشەیەکی جددیە بۆ وڵات و بە دیجیتاڵکردنی دارایی، فاکتەرێکی گرنگ دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی. هەروەها لە عێراق ھەموو مەرجەکانی سەرکەوتنمان ھەیە، بەڵام حکومڕانێکی ڕێکوپێکمان نییە.
ھۆشیار زێباری، ئاماژەی بەوەش دا، بۆ ئێمە لە ھەرێمی کوردستان ئەوەی سەرۆک بارزانی ئاماژەی پێدا لە گوتارەکەیدا، شانازی بە خەڵکی خۆمانەوە دەکەین و لەم ھەڵبژاردنەدا ڕیژەی بەشداری باش بوو و یەکێک لە شەفافترین ھەڵبژاردنەکان بوو و ئەنجامەکان کە پەسەند کرا، دواتر دەست بەگفتوگۆ بکرێ بۆ پێکھینانی حکوومەت و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیشمان لە پێشە و تا ئێستا سەرکەوتنی باش لە پرۆسەی دیموکراتی کە ھەڵبژاردنە بەدی ھاتووە.




