داوود ئۆغڵو: خۆشحاڵم بە بینینەوەی سەرۆک مەسعود بارزانی

دهۆک-KDP.info- ئهمڕۆ هەینی، 22-11-2024، ئەحمەد داوود ئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا لەمیانی پێنجەمین کۆڕبەندی مێپس کە لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان، لە شاری دهۆک بەڕێوە دەچێت، بەشداریی لە پانێلێک کرد و باسی لە پەیوەندییەکانی تورکیا – هەرێمی کوردستان، پرۆسەی نوێی ئاشتی، بارودۆخی ناوچەکە و چەندان پرسی دیکەی گرنگ کرد.
سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا لە سەرەتای قسەکانیدا بە زمانی کوردی خۆشحاڵی خۆی بە بینینەوەی سەرۆک مەسعود بارزانی دەربڕی و بە "دۆستێکی نزیک"ـی خۆی ناو برد. لەبارەی پێنجەمین کۆڕبەندی مێپسیش، باسی لەوە کرد، "کۆڕبەندەکە لە کاتێکی هەستیار و گرنگدا بەڕێوە دەچێت."
داوود ئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە ڕایگەیاند: "سایکس - پیکۆ هەموومانی دابەش کرد، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئێمە چۆن یەک بگرینەوە؟ دەبوو دەوڵەتی فەڵەستین لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە دروست بکرایە، بەڵام دروست نەکرا، ئەمەش ڕەگوڕیشەی کێشەکانی دۆزی فەڵەستینە. هاوکات هیچ پابەندییەک لە ماوەی 67 ساڵی ڕابردوودا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی فەڵەستین نەبووە."
داوود ئۆغڵو ڕوونیشی کردەوە "عێراقییەکان لەدوای ڕووخانی سەدام شان بەشانی یەک وەستان، ئەمەش شتێک بوو کە دەمانەویست بیبینین." گوتیشی: "هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ دەڵێت کۆتایی بە شەڕەکان دەهێنم، بەڵام بەسەرنجدان لە تیمەکەی من زۆر نیگەرانم، کە کەسانی توندیان تێدایە."
بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی لە ناوچەکە، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا بە پێویستی زانی "ئێمە سەرنجمان لەسەر بەهاکانی مرۆڤایەتی بێت، نەک بەهاکانی وەک تورک و عەرەب و کورد. من ناڵێم نابێت بایەخ بە سنوورەکان بدەین، بەڵام گرنگە کورد و تورکمان و عەرەب ئازاد بن لە هاتوچۆکردنی سنوورەکان."




