ڕاگەیاندراوێک لە مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی

کەرکووک-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، "ئێمە وەک کەرکووک ئەزموونێکی نوێمان پێشکەش بە گەلی کوردستان کرد، کە ئەویش یەک گوتاری سیاسیی یەکگرتووی نێوان ھەموو حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بوو لە کەرکووک".
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢١ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، ھیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا دوای تەواوبوونی پرۆسەی سەرژمێری، سوپاسی بەشداریی کوردانی کەرکووک لە پرۆسەی سەرژمێری دەکات.
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
جەماوەری بەشەرەف و کوردپەروەر و نیشتمانپەروەری شاری کەرکووک و دەورووبەری، سڵاوێکی گەرمتان پێشکەش دەکەین لەپای بەشداریکردنتان لە سەرژمێری عێراق، بە گەڕانەوەتان بۆ کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، بە ناونووسکردنتان، دڵسۆزیتان بۆ وڵات، بۆ نەتەوەکەمان و خوێنی شەھیدانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان سەلماند.
نەھێشتنی ئاڵۆزی و پەرتەوازەیی لە کەرکووک ئەو ئامانجە بوو کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە میوانداری و دەستپێشخەرییەکەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە شاری کەرکووک، لە ڕۆژی ١٣-١١ ئەنجامی دا کە بەرپرسی یەکەمی ھەموو حزب و پارتە سیاسییە کوردستانییەکان لە بارەگای لقی سێی پارتیمان لە کەرکووک کۆبوونەوە، بە وتارێکی سیاسی و بەیاننامەیەکی ھاوبەش بەڵێنماندا ھەمووان پێکەوە وەک یەک تیم، دەست لەناو دەست ھەوڵ بدەین، ھاووڵاتیانی کوردی ڕەسەنی شارەکە و دەورووبەری ھان بدەین ڕێگایان بۆ خۆش بکەین کە بگەڕێنەوە بۆ کەرکووک و شوێنەکانی خۆیان، لێرە خۆیان ناونووس بکەن، کە ئەوەش بۆ ئایندەی کورد لە شارەکە کارێکی ستراتیژی مەزن بوو.
ئێمە وەک کەرکووک ئەزموونێکی نوێمان پێشکەش بە گەلی کوردستان کرد، کە ئەویش یەک گووتاری سیاسی یەکگرتوویی نێوان ھەموو حزبە سیاسییەکانی کوردستان بوو لە کەرکووک.
ئەوەی گرنگە، تێپەڕاندنی ئاڵۆزی و گرێی دەروونییە، کە خۆپارێزییە لە تەفرەقە پەرتەوازەیی، ئەم ئەزموونە ئەوەی سەلماند کە دەتوانین بە ئامانجی گەورە بگەین، بەڵام بە مەرجێک یەکڕیز و تەبا و ڕاستگۆ بین، گرنگە تەبایی و یەکڕیزیی بەردەوام بێت، لە سەر ئاستی جیاجیای سیاسی و ڕۆشنبیری و ھونەری و ھەمەچەشنی، چونکە مەرج نییە ئەم دۆخە سیاسییەی عێراق لە ئاستێکدا بمێنیتەوە کە وەک بۆ سەرژمێری ڕەخسا بەردەوام بێت، بۆیە پێویستە ھەموومان پێکەوە بین.
زۆر سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین، بەتایبەت سەرۆکی حکوومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان کە زۆر ھاوکار بوون بۆ سەرخستنی پلانی گەڕانەوەی کوردەکانی خۆمان بۆ کەرکووک و شوێنەکانی دیکەی چوارچێوەی ماددەی ١٤٠، ھەرچەند دڵنیاین ڕێژەیەکی زۆر لە کوردی کەرکووک و دەورووبەری بە ھۆکاری جیا جیا نەیانتوانی بگەڕێنەوە شوێنی ڕەسەنی خۆیان بۆ خۆتۆمارکردن، چ لە ھەرێمی کوردستان بووبن یان شارەکانی تری عێراق و دەرەوەی وڵات.
سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی ھەڤاڵانمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و وەزارەتەکانی تری عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکەین، کە پێکەوە کاریان لەسەر سەنگ و دەنگی کورد کرد بۆ خۆتۆماردکردنیان ھاوشان لەگەڵ پێکھاتە ڕەسەنەکانی تری شارەکە.
لە کۆتاییدا، وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان گیانی تەبایی و یەکڕیزی نێوان پێکھاتە ڕەسەنەکانی شارەکە و دەورووبەری بە کورد و عەرەب و تورکمان و کریستیانەکان بە پێویست و گرنگ دەزانین، ھەمیشە دەمانەوێ بەیەکەوە خزمەتی خاک و خەڵکی کوردستان و دانیشتووانی کەرکووک و دەوروبەری بکەین.
سوپاس بۆ ھەموو ئەوانەی ھاوکاری خەڵکیان کرد و ھاووڵاتیانیان لە جێگە و ڕێگەی ڕەسەنی شارەکە و شوێنەکانی تر حەواندەوە.
سوپاس بۆ ھەموو میوانخانە و شوێنە گشتییەکان و کە ئامادەبوون ھاوکاری خوشک و براکانیان بکەن.
سوپاسی یەکە ئیدارە تایبەتمەندەکانی شارەکە و تیمەکانی سەرژمێری و بازگەکان و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین کە ھاوکار بوون لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە.
بژی کورد
بژی کوردستان
بژی یەکڕیزیی و پێکەوەژیانی ھاوبەش بۆ نەتەوە ڕەسەنەکانی کەرکووک.
ھیوا ئەحمەد مستەفا
ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢١-١١-٢٠٢٤




