بەرپرسی لقی 5ی بهغدا بۆ KDP: کوردانی فەیلی گەڕاونەتەوە ناوچە ڕەسەنەکانیان

بەغدا-KDP.info- بەرپرسی لقی 5ی پارتی ڕایگەیاند، خەڵکێکی زۆری کوردانی فەیلی گەڕاونەتەوە بەدرە و جەسان و مەندەلی و ناوچە ڕەسەنەکانیان، بۆ ئەوەی بەشداری لە سەرژمێریدا بکەن.
ئازاد حەمید شەفی، بەرپرسی لقی 5ی پارتی لە بەغدا، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پرۆسەی سەرژمێریی بە شێوەیەکی باش بەڕێوە دەچێت، لە سنووری لقی 5ی بهغدا و کوردان خۆیان تۆمار دهكهن، خەڵکێکی زۆریش گەڕاونەتەوە ناوچە ڕەسەنەکانیان، وەک بەدرە و جەسان و مەندەلی و ناوچەکانی دیکە، بۆ ئەوەی لە پرۆسەکەدا بەشدار بن.
بەرپرسی لقی 5 ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ھەموو ئەو کوردانەی فەیلی، کە لە ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە ناوچەکانیان ڕاگوێزرابوون، لە زێدی باب و باپیرانی خۆیان بوون تا لەسەر ناوچە کوردستانییەکان تۆمار بکرێن.
ئازاد حەمید ئەوەشی نەشاردەوە، بەڕێوەچوونی سەرژمێری لەم کاتەدا نیشانەی پرسیارە لە ناوچە کوردستانییەکاندا، چونکە بەپێی دەستوور دەبووایە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و دواتر ڕاپرسی بکرێت، ئێستا خەڵکێکی زۆری عەرەب بە ھۆی بڕیارەکانی ڕژێمی لەناوچووی بەعسەوە، لەسەر گوندە کوردییەکان تۆمار دەکرێن.
قائید میرۆ




