٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی کشتوکاڵ: چاندنی گەنم دەستی پێکردووە و لە ھەندێ ناوچەش پەڵەی نەداوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێ، لە ھەندێ ناوچەی ھەرێمی کوردستان جووتیاران دەستیان بە چاندنی بەرھەمی گەنم کردووە و دەشڵێ، بە ھۆی کەمیی بارانەوە، لە ھەندێ ناوچە پەڵەی نەداوە.

ھیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە ناوچەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان‌ پەڵەی داوە، بەڵام ھێشتا لە ناوچەکانی ھەولێر و دھۆک ڕێژەی بارانی پێویست بۆ داچاندنی بەرھەمی جووتیاران نەباریوە، بەشێک لە جووتیاران دەستیان بە کێڵانی زەوییەکانیان کردووە و چاوەڕێی بارانی زۆرتر دەکەن، چونکە داچاندنی بەرھەمی گەنم لە ١٥ی ئۆکتۆبەر بۆ ١٥ی١٢ی ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت.

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ باس لەوە دەکات: وەزارەتی کشتوکاڵ بودجەی پێویستی بەردەست نییە بۆ دابینکردنی پەینی کیمیایی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ھەوڵداین لەگەڵ حکوومەت، بۆ ئەوەی پاڵپشتیی جووتیاران بکرێت بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵ.

لەبارەی ئەو زەویانەی بە بەرھەمی گەنم دەچێندرێن، ھیوا عەلی ڕوونی کردەوە: ڕووبەری ئەو زەویانەی بە بەرھەمی گەنم دەچێندرێن، دیار نییە، چونکە ئەمساڵ عێراق پلانی خۆی گۆڕیوە بۆ وەرگرتنی گەنم و بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار