فیدرالیزم دەبێتە هۆكاری پارچە بوونی توركیا
حەسەن جەلال گۆزەل
بەراستی كاتێك كە جەنابی سەرۆك وەزیر وتی: لە ساڵی 2023داسیستەمی سیاسی توركیا دەبێتە سیستەمی فیدراڵی و فیدراڵیەت لە توركیا جێگر دەبێت من زۆر لە بەر خۆم چووم و زۆرم پێ ناخۆش بوو. یازدە ساڵە وەكو نووسەر لەم رۆژنامە و ئەو رۆژنامەدا بابەت دەنووسم و دەڵێم كە ئارمانجی كورد بە تایبەتی ئارمانجی پەكەكە پارچە كردنی توركیایە، بەڵام راستەوخۆ ئاشكرا ناكات و لە ژێر ناو و وشەی جوراوجۆردا ئارمانجی خۆی ئاشكرا دەكات. پەكەكە و رەگەز پەرەستە كوردەكان سەرەتا باسی شتی ئاساییان دەكرد و دەیانگوت دەبێت دان بە مافی كلتووری كورددا بنرێت و دواتر باسی دەسەڵاتی خۆبەرێوەبردنی سەربەخۆیان كرد و دواتریش مەسەلەی فەدراسیونیان هێنایە كایەوە و پاش ئەوەیش بێگومان باسی دەوڵەتی سەربەخۆ دەكەن.
وردە وردە نزیك بوونەوەی كوردە رەگەز پەرەستەكان و پەكەكە لە ئارماجەكانی خۆیان و تێنەگەیشتنی ئێمە لەم مەسەلەیە زۆر ئازارم دەدات و دەبێتە هۆی تووڕە بوونم لە رای گشتی توركیا بە تایبەتی چینی سیاسەتمەدار و رۆشنبیرەكان.
رەحمەتی تورگۆت ئۆزاڵیش وەكو ئەردۆغان كابرایەكی وەڵات پارێز و پیاوی دەوڵەت بوو، بەڵام لە دەردەوری ئۆزاڵیش چینێك كە خۆیانیان بە رۆشنبیر وەسف دەكرد و رێنمایی هەڵەیان دەدات كۆ ببوونەوە. ئۆزاڵیش ئەو كاتە داوای سیستەمی سەرۆكایەتی بۆ توركیا دەكرد. بەڵام من لەگەڵ محەمەد كەچەجیلەر و بەرپرسانی دیكەی پارتی ئاناپ ( ئانا وەتەن پارتیسی) رەحەمتی ئۆزاڵمان بەوە رازی كردبوو كە ئەگەر ئەو سیستەمەی كە لە مێشكیدایە پەیڕەوی بكات نابێت بە هیچ شێوەیەك ببێتە سیستەمێكی فیدراڵ یا خۆ زەمینە خۆشكەر بۆ سیستەمی فیدراڵی لە توركیا.
من رێزم بۆ متمانەی جەنابی سەرۆك وەزیر بە خۆی و هەروەها متمانەی بە گەلی توركیا هەیە، من لەو كەسانە نیم كە بڵێم لە ترسی دابەش بوونی توركیادا پێویستە پرسی كورد بە رێگاچارەی سەربازی چارەسەر بكرێت. بەڵام وتەكانی سەرۆك وەزیر كە دەڵێت: ئێستا ناتوانین بیر لە سیستەمی فیدرالیزم بكەینەوە بەڵام لە ساڵی 2023دا توركیا سەرتاپای سیستەمی خۆی دەگۆڕێت و دەیكاتە فیدرالیزم منی زۆر نیگەران كردووە. بێگومان من تێگەیشتوومە كە رەجەب تەییب ئەردۆغانیش هێشتاكە بۆ گۆڕانی سیستەمی سیاسی توركیا بریاری كۆتایی نەداوە هەر بۆیە دەڵێت نابێت بۆ گۆڕانی سیستەمی سیاسی پەلە بكرێت.
لە كۆی 200 وڵاتی سەردەستی جیهان ژمارەیەكی یەكجار كەمیان خاوەن سیستەمی فیدراڵین. وڵاتە فیدراڵەكانی وەكو یەكیەتی سۆڤییەتی جاران و یووگسڵاڤیا هەڵوەشێندرانەوە. ئەگەر باسی ئەمریكا وەكو وڵاتێكی فیدراڵ بكەین ئەوا بۆمان روون دەبێتەوە كە سیستەمی ئەمریكا سیستەمێكە كە چەندین پارچەی گچكەی نزیكی یەكتر كردووەتەوە. سیستەمەكەی ئەڵمانیایش هەر چەند هەندێك جیاوازی هەبێت بەڵام ئەویش هەر بەمجۆرەیە بەو ماناییە كە فیدراسیونی ئەم وڵاتانە نە بە ماناو واتەی جیا كردنەوە و دابەش كردنە بەڵكو بە مانای لە یەك نزیك كردنەوەیە. هەر لە سەرانسەری جیهاندا ژمارەیەكی یەكجار زۆر وڵات بە هۆی ئەم سیستەمەوە رووبەرووی پارچە بوون بوونەتەوە و هەندێكی دیكەیش لە كاتی ئەمرۆماندا ئەگەری پارچە بوونیان لە ئارادایە.
كە باسی سیستەمی عوسمانییەكان بكەین دەبێت دان بەو راستییەدا بنین كە سیستەمی عوسمانییەكان سیستەمێكی مەركەزی و ناوەندی بوو. لە كاتی سیستەمی ئەیالەتدا دەرەبەگەكان هەبوون، لە كاتی سیستەمی وەلایەتدا پارێزگار هەبوو. ئەمانە هەر هەموویان لە لایەن دەسەڵاتی مەركەزییەوە دەستنیشان دەكران و یاساكانیش هەر لە لایەن دەسەڵاتی مەركەزییەوە ئامادە دەكران و هەر شت لە لایەن دەسەڵاتی مەركەزییەوە بەرێوە دەبرا و بە هۆی بە هێز بوونی دەسەڵاتی مەركەزییەوە عوسمانییەكان توانیویان بۆ ماوەی 624ساڵ حكومرانی بكەن. لە سەردەمی قانوونیدا تەنیا دوو ئەیالەتی توركیا هەبوون، ئانادۆڵ و رۆمەلی. دواتر وەلایەتەكانی وەكو بودین، بوسنا، قارەمان و دیاربەكریش دامەزران. لە سەردەمی تەنزیماتدا سیستەمی ئەیالەت گۆڕا و لە جیاتی ئەم سیستەمەدا سیستەمی وەلایەت دامەزرا. لە سەردەمی عوسمانییەكاندا هەر چەند دەسەڵاتی ناوەندی بەهێز بوو بەڵام بە هیچ شێوەیەك ئەیالەتێك بە ناوی كوردستان یا لازستان هەبوونی نەبووە.
بەڵام ئەگەر ئەمرۆ لە توركیا لە چوارچێوەی كەم كردنەوەی دەسەڵاتەكانی حكوومەتی ناوەندیدا بمانەوێ سیستەمی ئەیالەت یا خۆی سیستەمی فیدراڵی لە توركیا پەیرەو بكەین ئەوا بە دەستی خۆمان زەمینەمان بۆ دابەش كردن و پارچە كردنی توركیا خۆش كردووە بۆیە پێویستە لەم بارەیەوە هەر كەس هۆشیار و حەساس بێت.
سەرچاوە: سەباح




