دکتۆر ئاگرین: ماستەر پلانی ١٠ساڵی داھاتوو ڕادەگەینین

دکتۆر ئاگرین: ماستەر پلانی ١٠ساڵی داھاتوو ڕادەگەینین
ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، لە ماوەی چەند ھەفتەی داھاتوو ماستەرپلانی ١٠ ساڵەی ڕێگاوبان ڕادەگەینین.
دکتۆر ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەو ماستەرپلانەی ھەمانبوو ئێستا ئەبدێتمان کردۆتەوە، لە چەند ھەفتەی داھاتوو وۆرکشۆپێک ئەنجام دەدەین و ماستەرپلانی تازە ڕادەگەیەنین کە نەخشەی ڕێگاوبان و جێبەجێکردنی شادەماری ڕێگاوبان دەبێت لە ھەرێمی کوردستان، دوای گفتوگۆکردن لە وۆرکشۆپەکە پەسەند دەکرێت و بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ڕەوانە دەکرێت، بۆیە ئەگەر دووسایدەکانی ناو ماستەپلانەکە تەواوبکرێن، وەکو ڕێگای "ھەولێر- کۆیە" و "تونێلی ھەیبەت سوڵتان -ڕێگای دوکان بۆ خەلەکان" ھەمووی تەواو بکرێت و بکرێنە دووساید، ئەوکات دەتواندرێت بارھەڵگریش ھاتوچۆی پێدا بکەن، رێگاکان چینێکی باشی قیڕی لێدەدرێ و بەرگەی ژمارەیەکی زۆری بارھەڵگر دەگرێت بەسەریدا ھاتوچۆ بکەن.
دکتۆر ئاگرین عەبدوڵڵا گوتیشی: ماستەرپلانی ڕێگاوبان، لە ساڵی ٢٠١٢، کۆمپانیایەکی بیانی ئامادەی کردبوو، زوو زوو پێویستی بە چاوپێداخشاندنەوە ھەیە، لەم کابینەیە ئەبدێت دەکرێت، ئێستا تەواوکراوە و باسی ھەموو ڕێگاکان کراوە، ئەوەی لە بواری جێبەجێکردن دایە و ئەوەی بۆ ١٠ساڵ دانراوە، بۆیە ئەو ڕێگایانەی هێشتا یەک سایدن دەکرێنە دووساید، بۆ نموونە ڕێگای ھەولێر بۆ حاجی ئۆمەران، ھەمووی دەکرێتە دووساید، لە ھەولێر تا سلێمانی و لەوێش بۆ کەلار تا دەگاتە مەرزی پەرێوزخان، ھەموو دەکرێتە دووساید و تونێل بە مواسفاتی بەرز دروست دەکرێن، ڕێگای خێراش لەناو ماستەرپلانەکە ھەیە، ئەویان بە پارە دەبێت و کەرتی تایبەت دروستی دەکات، لە زاخۆ بۆ دھۆک بۆ ھەولێر و بۆ سلێمانی و گەرمیان، ھەمووی بەیەکەوە دەبەستێتەوە، مەزندە دەکرێت ٥٠٠کم بێت، شوفێر وەستانی نابێت و بە کورتترین ماوە و بەخێراترین ڕۆییشتن دەگاتە شوێنی مەبەست لە خاڵە سنوورییەکان، ئەوەش بە قۆناغ و لە ماوەی دوو کابینەی داهاتووی حکوومەت کاری لەسەر دەکرێت، بۆیە گەر گرفتی دارایی نەبێت لە ماوەی ١٠ ساڵی داھاتوو جێبەجێ دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




