٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خەڵاتی ڕێزلێنان و پێکەوەژیان پێشکەش بە ماڵباتی ڕەوانشاد (پیر خدر) کرا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئێوارەى ڕۆژی دووشەممە 2024.11.18، بە ئامادەبوونى فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی و محموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و د. سالار عوسمان، بەرپرسى بەشی ڕۆشنبیرى و ڕاگەیاندنى پارتى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ژمارەیەک لە نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیران، لە هۆڵى بەشی ڕۆشنبیرى و ڕاگەیاندنى پارتى، مەراسیمێکی تایبەتی بۆ یادکردنەوەی ڕۆشنبیر و نووسەری دیاری کوردستان، ڕەوانشاد (پیر خدری سلێمان) بەڕێوەچوو.

ڕێوڕەسمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان، سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد دەستی پێ کرد و سەرەتاش د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی، لە وتاری بەخێرهێناندا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی (پیر خدری سلێمان) لە بواری پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و گوتی: "ئەمڕۆ ئێمە یادی یەکێک لە ئایکۆنەکانی پێکڤەژیان دەکەینەوە کە هەموو ژیانی بۆ پێکەوەژیان و تەبایی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی و سیاسی تەرخان کرد. نەوەکان بە گەڕانەوە بۆ مێژوو و دیرۆکی ئەم پیاوە مەزنە تێدەگەن کە کوردستان مەڵبەندی پێکڤەژیانە و پارتی باشترین پانتایی و بیاڤی ئەم پێکەوەژیانەیە و بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندن ئەرکی ئەوەیە ئەم ئایکۆنانە بەبیر خەڵکی کوردستان بهێنێتەوە.

دواتر فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە وتەیەکیدا باسی لە یادەوەرییەکانی لەگەڵ (پیر خدر) کرد و وەک کەسایەتییەکی نیشتمانی و سەروەتێکی گەورەی گەلی کوردستان وەسفی کرد و ئاماژەی بەوەدا: هەموومان درکمان بەوە دەکرد (پیر خدر) دوێنی چی کردووە و ئەمڕۆ چی دەکات و سبەی چی پێ دەکرێت بۆ کورد و کوردستان.

پەخشکردنی فیلمێکی دۆکیومێنتاری لەبارەی ژیان و ڕۆڵ و بەرهەمەکانی پیر خدر و پێشکەشکردنی تابلۆی هونەری لاوی ئێزییدیان بەناوی “غەریبۆ” لەلایەن هونەرمەند خەلەف شنگالی و، خوێندنەوەی پارچە هۆنراوەیەک لەلایەن سەعید جەردۆ بەشێک بوون لە ڕێوڕەسمەکە.

لە دوماییدا خەڵاتی ڕێزلێنان و پێکەوەژیان لەلایەن ئامادەبووانەوە پێشکەش بە ماڵباتی ڕەوانشاد (پیر خدر) کرا و خاتوو خەیاڵی هاوژینی کۆچکردوو پیر خدر وتەیەکی پێشکەشکرد.

هەواڵی پەیوەندیدار