٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لقی 15ی پارتی داوایەك لە کوردانی سنووری دیالە دەكات

سەرچاوە: KDP.info

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ڕایگەیاند: داواکاریمان لە ھەموو کوردانی سنووری دیالە ئەوەیە، بە ھەر ھۆکارێک ئاوارە بوون، بۆ سەرژمێری بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە وەکو چۆن کوردستانی بوون، ھەر بە کوردستانی بمێننەوە.

ئەکبەر حەیدەرخان، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ئەمڕۆ لایەنە سیاسییەکانی کورد لە دیالە ھەموومان ھاوڕاین لەسەر ئەوەی ھانی خەڵک بدەین بە ھەر ھۆکارێک ئاوارە بوون، بگەڕێنەوە و ئەم چەند ڕۆژە لە سنووری دیالە بن، بۆ ئەوەی لە زێدی بابوباپیرانی خۆیان تۆمار بکرێن و حکوومەتی ھەرێمیش ھاوکار و پاڵپشت دەبێت.

حەیدەرخان گوتیشی: سێ جۆر ئاوارەمان ھەن، ئەوانیش بریتین لە ئاوارەکانی سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و شەڕی داعش و ١٦ی ئۆکتۆبەر، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تا سەرژمێری دەکرێت، بۆ خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی کردووەتە پشوو و ھاوکاری و ئاسانکاریی تەواویان بۆ دەکرێت بۆ گەڕانەوە و ھەوڵ دەدرێت ھاوکاریی ماددیی ئەوانەش بکرێت، کە کەمدەرامەتن و توانای داراییان باش نییە بۆ گەڕانەوە.

دەشڵێ: زۆر گرنگە لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیدا ھەموو ھاووڵاتیانی ناوچە کوردستانییەکان لە شوێنی خۆیان بن و ھیچ گرفتێکیان بۆ دروست نەکرێت بە ھۆی ئامادەنەبوونیان، ئێمەش مەترسیی ئەوەمان ھەیە وەزارەتی پلاندانانی عێراق دواتر بۆ مەرامی سیاسی بەکاریان بهێنن، چونکە پێویست بوو ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و دواتر سەرژمێری بکرێت، بۆیە ھیوادارین ئەم سەرژمێرییە بە مەبەستی گەشەپێدانی ئەو ناوچانە بێت، کە پرسێکی گرنگی نیشتیمانییە و ھەموو حیزبەکان بەرپرسیارەتییان لەسەر شانە، بۆ ئەوەی ھانی خەڵک بدرێت و بانگەواز بکەین خەڵکی نیشتیمانپەروەری خۆمان بگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی ڕەسەنی خۆیان و لەوێ سەرژمێری بکرێن.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار