مامۆستایان بۆ کەرکووکیهكان: ناکرێت له سەرژمێری کەمتەرخەم بین.. مێژوو رەحممان پێ ناکات

کەرکووک-KDP.info- مامۆستایانی زانکۆ لە پارێزگای کەرکووک، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە لە پێناو دووپاتکردنەوەی کوردستانیبوونی کەرکووک و داھاتووی نەوەکانی خۆمان، پێویستە ھەرچۆنێک بێت لە پرۆسەی سەرژمێری ئەگەر لە ھەر کوێیەک بین ئامادە بین و بەشداری لەو پرۆسە چارەنووسسازەدا بکەین، چونکە پرۆسەیەکی زۆر گرنگە بۆ گەلی کورد.
ئەیاد خورشید، مامۆستا زانکۆ لە کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بەشداریکردنی کورد لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتی، دوو بابەتی گرنگ لەخۆی دەگرێت، یەکەمیان پرسێکی نیشتیمانییە و ئێمە وەکو میللەتی کورد لە سەدەی ڕابردوودا خەبات و قوربانیمان بۆ داوە و خاک و ئاوی کوردستان لە ھەمووی گرنگترە بۆ کورد، بابەتێکی دیکەی ئەم پرۆسەیە، پەیوەستە بە لایەنی خزمەتگوزاری و ماف و حەقی نەوەکانی داھاتووەوە، بۆیە کورد ھەمیشە پێشەنگ بووە لە قوربانیدان بۆ خاکی کوردستان و دڵنیام لە پرۆسەی سەرژمێریدا کورد ئەوەی لێرەش نییە ئامادەی پرۆسەکە دەبێت و ناویان تۆمار دەکەن.
خورشید گوتیشی: ناکرێت لەو پرۆسەیە کەمتەرخەم بین، چونکە لە دامەزراندنی حکوومەتی عێراقەوە تا ئێستا، ھەوڵ دراوە ڕێژەی دانیشتووانی کورد کەم بکرێتەوە.
دەشڵێ: پێویستە ئەمساڵ دووپاتی بکەینەوە، کە زیاتر رێگر بین لە پرۆسەی تەعریب، ئەگەرنا نەوەی داھاتوو و مێژوو رەحممان پێ ناکات، چونکە ئەمە جگە لەوەی پرۆسەیەکی سیاسییە، پرۆسەیەکی ئابووریشە.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ ڕوونیشی دەکاتەوە: گرنگە لە سەرژمێریدا بەشدار بین و ھەموومان بگەڕێینەوە و کەرکووکییەکانیش ھەمیشە پێشەنگ بوونە لە قوربانیدان لە پێناو کوردستانیبوونی ئەو شارە.
لای خۆشیەوە، دکتۆر ھەڵۆ محەمەد، مامۆستای زانکۆی کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: زۆر گرنگە لە رۆژانی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیدا کوردی کەرکووک ئەوانەی لە دەرەوەی شاری کەرکووکن، بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و زێدی خۆیان، بۆ ئەوەی وەکو کوردی ئەو ناوچانە ھەژمار بکرێن، چونکە خۆی دوو رۆژە و ھەمووان دەکرێت و دەتوانن بگەڕێنەوە، ئەگەر بۆ سەردانیکردنی خزم و دۆستانی خۆشیان بێت، لەبەر ئەوەی ھێندە قورس نییە و ئەوەی منیش ئاگادارم خەڵکی دەرەوەی شاری کەرکووک و ئەوانەی بە ڕەسەن کەرکووکین، خۆیان ناونووس کردووە و بۆ سەرژمێری دەگەڕێنەوە و بەشداری لە پرۆسەکەشدا دەکەن.
دەشڵێ: تا ئێستا رۆحیەتی نیشتیمانپەروەری و نەتەوەیی لە کورد بەدیدەکرێت و لای کوردی کەرکووک ماوە، بۆیە لە پرسە نیشتیمانییەکاندا ھەمیشە پێشەنگن و بەشدار دەبن، بۆیە داواکارین ئەوەی کوردی کەرکووکە لە ھەر شوێنێک بێت، لەم دوو رۆژەدا بگەڕێنەوە و بۆ داھاتووی ناوچەکانیان بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن، چونکە بۆ گەلی کورد ئەو پرۆسەیە گرنگە و ئەرکی ھەمووشمانە ھەڵمەتێک بکەین بۆ ئەوەی ھانی خەڵک بدەین بگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان و خۆشیان لە سەرژمێری تۆمار بکەن.
بڵند ئیبراھیم




