٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پسپۆڕێكی بانکى بۆ KDP: گواستنەوەى پارە لە ڕێگاى بازاڕى دۆلارەوه‌ کۆتایی دێت

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- پسپۆڕانى ئابوورى و بانکى لە کوردستان باس لەوە دەکەن، کابینەى نۆیەم گرنگیى تایبەتى بە سیستمى بانکى داوە، ئەوەش واى کردووە سەرنجى وەبەرهێنەرانی بیانى بۆ کوردستان ڕابکێشێت، جیهانى ئەمڕۆش متمانەی لەسەر سیستمى بانکیى پێشکەوتووە.

سێشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە دیداری ئینستیتیوتی مێری 2024، بە ناونیشانی (بەرەو حوكمڕانیی دروست و خۆشگوزەرانی) سەرۆکوەزیرانى کوردستان مەسروور بارزانى گوتی، سیستمی پێشکەتووی بانکی لە هەرێمی کوردستان، وای کردووە وەبەرهێنان متمانە دروست بکەن و بۆ وەبەرهێنان ڕوو بکەنە هه‌رێمی کوردستان.

پەیوەست بە پێشخستنی سیستمی بانکی لە کوردستان، د. کاوە قەرەداخى، پسپۆڕى کارگێڕیى بانکی، تایبه‌ت بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: پەرەپێدانى سیستمى بانکی، بۆ پێشخستنى ئابووریى وڵات گرنگە، گواستنەوەى پارە لە ڕێگاى بازاڕى دۆلار کۆتایی دێت، کاتێک تۆ سیستمى بانک و کلینکارتت هەبوو، ئەوکاتە بەبێ کارتی بانکى خۆت هەر بڕە پارەیەک ویستت گواستنەوەى پێدەکەیت و لە هەر وڵاتێکیش داخڵ دەبێت، لێت ناپرسن چۆن خەرجی دەکەى، حکوومەت هەنگاوى گرنگى لە پێشخستنی سیستمی بانکیدا ناوە.

قەرەداخى گوتیشى: یەکێک لە پێوەرەکانی پێشکەوتنى وڵات ئەوەیە، چەندە سیستمى بانکیی پێشکەوتووت هەبێت، ئەوەندە ئەو وڵاتە پێشکەوتووتر دەبێت، وەبەرهێنەرانى بیانیش ئەوکاتە متمانەیان دەبێت کە سیستمى بانکیت، سیستمێکی پێشکەوتووە، ئەوکات بە گەرەنتی دەتوانێت پارە بگوازێتەوە، بۆیە ئەوەى ئێستا لە کوردستان هەیه، هەنگاوەکانى سیستمى بانکییە، کە سەرنجى وەبەرهێنەرانى بیانى ڕاکێشاوە متمانە دروست بکەن.

ئه‌و پسپۆڕه‌ ئابوورییه‌ى بانکى زیاتر گوتی: بەداخەوەم بۆ ئەو کەسایەتى و بەناو ڕۆشنبیر و سیاسیانەى گوتار دژى هەژمارى من دەنووسن بۆ ڕاکێشانى سۆزى خەڵک، کە گەورەترین هەڵەیە، هەژمارى من پەیوەندى نییە بە سەرۆکوەزیران یان حزبێکى سیاسى، ئەمە سیستمێکى بانکیی پێشکەوتووە، هەموو ئەو بانکانەى بوونیان هەیە لە وڵات، مەرجە لە بانکى ناوەندیی عێراق دانیان پێدا نرابێت، هەموو ئەو پڕوپاگەندانەش درۆن کە دەڵێن، حکوومەت دەستکاریى پارەى هەژمارى بانکییەکەت دەکات بۆ وەرگرتنەوەى قەرزى ئاو و کارەبا، بەمە دژایەتى دەکەن و چاویان گرنگیى ئەو سیستمە پێشکەوتووەى بانکییە نابینێت، پارە بە ڕێگاى بانکیدا ڕۆشت ئەوە شۆردنەوە و سپیکردنەوەى تێدا نابێت، وەبەرهێنەرانى بیانیش زیاتر متمانەیان لا دروست دەبێت.

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار