فەریق جەمال ئیمینکی: سەرۆک بارزانی بەڵێنی خۆی بەرامبەر بە کوردانی ئێزدی بەجێ گەیاند
_(2)__2024_11_13_h18m51s45__RM.jpg)
شنگال -KDP.info- لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی، شنگال لە دەست تیرۆرستانی داعش ڕزگار کرا، سوپاسالاری پێشووی پێشمەرگەش دەڵێت: سەرۆک بارزانی بەڵێنی بە کوردانی ئێزدی دابوو شنگال ڕزگار دەکات، بەڵێنی خۆی بەجێ گەیاند، فەرماندەیەکی دیکەی ھێزی پێشمەرگەش دەڵێت: داعش لە شنگال کۆتایی ھات.
فەریق جەمال ئیمینکی، سوپاسالاری پێشووی پێشمەرگە و بەشداربووی شەڕی ڕزگارکردنی شنگال بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ خەڵکی کوردستان و خوشک و برایانی کوردی ئێزدی، لە سەرەتای ھاتنی داعش بۆ ئەو قەزایە، سەرۆک بارزانی بەڵێنی بە خەڵکی شنگال دا بە ھەر جۆرێک بێت دەبێ شنگال ڕزگار بکرێت، بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی، توانرا لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ شنگال ڕزگار بکرێت، سەرۆک بارزانی خۆی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی شەڕی ئازادکردنی شنگالی کرد و، بەڵێنی خۆی بەجێگەیاند.
ڕزگارکردنی شنگال ئاسان نەبوو و بە چەندین قۆناغ ڕزگار کرا، چونکە تیرۆرستانی داعش نزیک سحێلابوون، ئێمە لەوێ بە قۆناغ دەستمان بە ڕزگارکردنی شنگال کرد تا گەیشتینە زوماڕ و ڕەبیعە، دواتر ھەموو ناوچەکانمان ڕزگار کرد و گەیشتینە چیای شنگال، ئەمە لە ساڵی ٢٠١٤ بوو، لە ھەمووشی سەرۆک بارزانی خۆی بەشداربوو.
فەریق جەمال ئیمینکی گوتیشی: بێ گومان ئەو شەڕەی ڕزگارکردنی شنگال قوربانی ھەبوو، چەندین شەھید و بریندارمان دا، سەرۆک بارزانی لە ڕۆژی یەکەمی شەڕی ڕزگارکردنی شنگال تا کۆتایی بارەگای لە سحێلا بوو و نەگەڕایەوە تا شنگال ڕزگار کرا، ئەو کارەساتەی بەسەر شنگال ھات برینێکی قووڵ بوو، بۆیە ڕزگارکردنی مایەی دڵخۆشی بوو، لەبەر ئەوەی ڕزگارکردنی ئاسان نەبوو و داعش چەکی زۆریان پێ بوو، بەڵام ھاوپەیمانانیش ھاوکاری باشیان کردین.
لیوا ھەکار نەھێلی، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە و بەشداربووی شەڕی ڕزگارکردنی شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ شنگال لە دەستی داعش ڕزگار کرا و بەسەر تیرۆر و غەدرێکی گەورەدا سەرکەوتین کە لە خەڵکی شنگال کرا، سەرۆک بارزانی لەو ڕۆژە خۆی سەرپەرشتی شەڕی ئازادکردنی شنگالی دەکرد، ئێمە وەکو لەشکری دوو لە گوندی فازلیە کە شوێنێکی نزیک شنگالە دەستمان بە شەڕ کرد.
بۆ مێژوو دەڵێم بە ھیمەتی سەرۆک بارزانی نەبوایە ئەستەم بوو شنگال ڕزگار بکرێت، چونکە داعش ئەو کاتە جیھانی خستبووە ژێر هەڕەشەی خۆی، لەسەر دەستی ھێزی پێشمەرگە شنگال ڕزگار کرا و بۆ یەکەم جار داعش لە شنگال لەسەر دەستی پێشمەرگە تووشی شکست بوو، ئەوان بەهێزبوون لەبەر ئەوەی زۆر چەکی قورسیان لە دەست بوو، بەڵام لە شنگال کۆتاییمان بە داعش هێنا، پێشتر سەرۆک بارزانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ڕیش سپی و پیاوانی ئاینی ئێزدی کردبوو و بەڵێنی پێ دابوون شنگال ڕزگار بکات، بەڵێنی خۆیشی بەجێ گەیاند.
نۆ ساڵ لەمەوبەر، دوای ئۆپەراسیۆنێکی دوو ڕۆژە سەرۆک بارزانی لەسەر چیای شنگال موژدەی ڕزگاربوونی شنگالی لەژێر دەستی چەکدارانی داعش ڕاگەیاند، لە ڕۆژی ١٣-١١-٢٠١٥، ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی شنگالی لەدەست داعش ڕزگارکرد، شنگال کە ناسنامەکەی کوردستانییە، ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ کەوتە بەر ھێرش و پەلاماری چەکدارانی داعش و داگیریان کرد، داعش جگە لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە شارۆچکەکە، زیاتر لە شەش ھەزار و ٥٠٠ ھاووڵاتی سڤیلی، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون ڕفاند، ساڵێک دوای داگیرکردنی شنگال لەلایەن چەکدارانی داعش، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە بەشداریی حەوت ھەزار و ٥٠٠ پێشمەرگە و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی و پشتیوانی فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان، ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگال، لە کاتژمێر حەوتی بەرەبەیان لە چوار قۆڵەوە دەستپێکرا.
بڵند ئیبراھیم




