د.ساڵح مەلا عومەر: باکۆ نیشانی دا کە پێگەی دیپلۆماسی ھەرێم بەھێزە

ھەولێر -KDP.info- مامۆستایەکی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین گوتی: بەشداریکردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی کۆپ ٢٩ زۆر گرینگە، واتای بەھێزبوونی پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیھان دەگەینێت، چونکە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان خۆی کەسایەتییەکی گرینگە لەسەر ئاستی جیھان.
د.ساڵح مەلا عومەر عیسا، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ یەکێک لە کێشەکانی جیھان، کێشەی ژینگەیە، ئەو کێشەیە بە شێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ھەرێمی کوردستانیش ھەیە، بەشداری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمیی لەلایەن وڵاتی ئازەربایجان بۆ کۆبوونەوەی کۆپ ٢٩ لەسەر ئاستی جیھانی ئەوە نیشاندەدات ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرینگی ھەیە.
ئێستا پرسی ژینگە لەسەر ئاستی جیهان بووەتە پرسێکی ئەمنیش، دەتوانێ مەترسی بۆ سەر ھەموو جیھان دروست بکات، بەشداری سەرۆکی ھەرێم ئەوە دەگەینێت کە کەسایەتییەکی گرینگە لەسەر ئاستی جیھان، ئەو وەکو سەرۆکی وڵاتانی جیھان بەشدارە لەو کۆنگرەیە، کە بۆ چارەکردنی قەیرانی ژینگەیی لەسەر ئاستی جیھان، بۆ ھەرێمیش دەرەنجامەکەی گرینگە، ئەوەش نیشانەی بەھێزبوونی پێگەی دیبلۆماسی ھەرێمی کوردستانە.
د.ساڵح مەلا عومەر عیسا گوتیشی: بەشداریکردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەوکۆنفرانسە پێگەی ھەرێمی کوردستان نەک تەنیا لە بواری دیبلۆماسی یان ئابووری، بگرە لە ھەموو بوارەکان بەھێزتر دەکات، چونکە ئەو کۆنفرانسە لەسەر ئاستی جیھان گرینگە و بایەخی زۆری پێدەدرێت، مەترسی ژینگەیی لەسەر ھەرێم و عێراق و ناوچەکەش ھەیە و پێویستی بە پرۆگرامێک ھەیە بۆ چارەکردن، پێویستە ھەموو وڵاتان بەشداربن لە چارەکردنی، گرنگی ھەرێمی کوردستانیش لەوەدایە تەنیا بەرپرسانی بەغدا بەشدارنین ھەرێمی کوردستانیش بەشداری کرد، ئەمەش بەھێزی دیپلۆماسی ھەرێمی کوردستان نیشان دەدات.
لوتکەی کۆپ ٢٩ گرینگترین کۆبوونەوەی جیھانە سەبارەت بە گۆڕانی ئاو و ھەوا، لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و لوتکەی ئەمساڵ، بیست و نۆیەمین لوتکەیە، تا بیست و دووی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
جێی ئاماژەیە، لە ماڵپەڕی فەرمیی ئازەربایجان و ئاژانسەکانی ئەم وڵاتە گرینگی زۆر بە بەشداری ھەرێمی کوردستان لەو کۆنفرانسە درا.
بڵند ئیبراھیم




