لە باکۆ ئەندامێکی شاندی حکوومەت بۆ KDP، زانیاری نوێ دەخاتە ڕوو

ئازەربایجان-KDP.info- ئەندامێکی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆپ ٢٩ لە باکۆ گوتی، بەشداریکردنی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی کۆپ ٢٩ لە باکۆ زۆر گرینگە و کار دەکەین بۆ ئەوەی پاڵپشتی زۆرترین وڵات بەدەست بێنین بۆ ئەوەی ھاوکاربن لە گۆڕینی کەشوھەوا لە ھەرێمی کوردستان.
کەریم سلێمان، ئەندامی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆپ ٢٩ لە باکۆ و بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: گۆڕینی کەشوھەوا کاریگەری لەسەر پێنج تا شەش وڵاتانی جیھان ھەبووە، عێراق یەکێکە لەوانە و ھەرێمیش بەشێکە لە عێڕاق.
ئەو ئاڵۆزبوونەی کەشوهەوا لەژێر کاریگەریی ساڵانێکی زۆری کاری پیشەسازی وڵاتان درووست بووە کە زۆر گازی خراپ تێکەڵی هەوا دەبێت.
یەکێک لەوانە عێراقە بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، ئەو کۆپانە دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانەی بوونەتە ھۆکاری گۆڕینی کەشوھەوا بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆ بگرن.
ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی بیخەینە ڕوو چەند کاریگەری لەسەر ئێمە ھەبووە، چونکە لە ھەرێمی کوردستان بەھۆی گۆڕینی کەشوھەوا وەرزەکان وەکو پێشتر نین و گۆڕاون، ئاوی ژێرزەوی کەمبووە و پلەی گەرمی زیادبووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی دەبێت خۆراک دەبێت، لێرە ئەو ڕاستییە بۆ وڵاتان دەخەینە ڕوو بۆ ئەوەی ھەر ھاوکارییەک بۆ عێڕاق بکرێت ئێمەش پشکی خۆمان وەرگرین.
کەریم سلێمان گوتیشی: ئەوانیش داواکارییان ھەیە، ئێستا ڕێژەی کاربۆن لە ئاسمانی ھەرێمی کوردستان زیاد بووە، بۆیە پێویستە ھەوڵ بدەین ڕێژەی کاربۆن کەمبکەینەوە، مۆلیدەکانیش یەکێک لەھۆکارەکانن، بۆیە هەرچەند وزەی خاوێن لە ھەموو بوارەکان بەکار بێنین، وڵاتان باشتر دێن لە ھەرێم وەبەرهێنان دەکەن، بۆیە ھاتووین باسی دۆخی خۆمان بکەین، ئەوانیش ھاوکار بن، چونکە بەرنامەی حکوومەتی ھەرێم بۆ کەشوھەوا زۆر باشە، دەمانەوێ بەنداو دروست بکەین و ئاو گل بدەینەوە و ئاوی ژێرزەوی زیاد بکەین و سیستمێکی ئاودێریمان ھەبێت بۆ ئیدارەی ئاو، چونکە گۆڕینی کەشوھەوا کاریگەری ئەرێنی لەسەر بەرھەمی خۆراک دەبێت.
دەشڵێت: شاندێکی گرینگی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە پێکهاتووە لە نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ، دەستەی وەبەرھێنان و تیمێکی تایبەتی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت کە تایبەت مەندە بە بەدواداچوونی گۆڕینی کەش و ھەوا لە کۆپ ٢٩ بەشدارە، بۆیە شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەو کۆنفرانسە ڕۆڵێکی گرینگی ھەیە، ئێمەش لەناو بەشەکان دەگەڕێین، ھەر یەکێک بەپێی تایبەتمەندی خۆی پانێل لەسەر دۆخی ھەرێم پێشکەش دەکەن، شاندەکە بەسەر ھەموو بەشەکاندا دابەشکراون، چونکە ٧٠ھەزار کەس لە کۆپ ٢٩ بەشدارە و تا ٢٢ی مانگ بەردەوام دەبێت، بۆیە گرینگە بتوانین ئەنجامی باش بەدەست بێنین و پروپۆزەلی باش پێشکەش بکەین، ئومێدەوارین بتوانین ھاوکاری زۆر باش بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەست بێنین.
بڵند ئیبراھیم




