٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەمەد شوکری بۆ KDP، بەھۆی سیستەمی پێشکەوتووی بانکی وەبەرھێنە بیانییەکان زیاتر دێنە ھەرێم

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر  -KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، یەکێک لە کارە پێشینەکانی ئێمە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، هێنانی زۆرترین وەبەرھێنەری بیانییە، بێن لە ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی وەبەرھێنان ئەنجام بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام لەگەڵیان لە پەیوەندیداین.

دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: یەکێک لە کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە بەجیددی کاری لەسەرکراوە ھێنانی وەبەرھێنەری بیانییە بۆ ھەرێمی کوردستان، ھەرێمی کوردستان پێویستی بە سەرمایە ھەیە، ئێمە ژێرخانێکی زۆر باشمان ھەیە، پێداویستی سەرەتاییمان ھەیە و وەبەرھێنەری بیانی دەتوانن بێن کاری تێدا بکەن، ئێمەش وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەواوی ئاسانکارییان بۆ دەکەین، بۆیە سەرەڕای ئەو گرفتانەی ھەنە توانراوە ژمارەیەکی باشی وەبەرھێنەری بیانی بێنینە ھەرێمی کوردستان و پڕۆژەی وەبەرھێنان ئەنجام بدەن.
دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: ئێستا لەگەڵ باشبوونی بارودۆخی ئەمنی و ئابووری و سەقامگیری ناوچەکە دەتوانین کاری باشتر بکەین و وەبەرھێنەری زیاتر بۆ ھەرێمی کوردستان ڕاکێشین، هەم لە وڵاتانی عەرەبی، هەم لە وڵاتانی بیانی، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاری زۆر باشمان کردووە، بەردەوامیش لەگەڵیان لەسەر خەتین بۆ ئەوەی بێن لە کوردستان کاری وەبەرھێنان بکەن.
شوکری باسی لەوەش کرد: ئەو وەبەرھێنەرە بیانییانەی دەیانەوێت بێن لە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان بکەن، زیاتر لە بواری کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتوگوزار و تەکنەلۆژیان کار دەکەن.
دەشڵێت: سیستەمی پێشکەوتووی بانکی لە ھەرێمی کوردستان و بەئەلکترۆنیکردنی مامەڵەکان بۆ ڕاییکردنی کاروباری وەبەرھێنەران بۆ پڕۆژەکان، وای کردووە ببێتە فاکتەرێک بۆ ڕاکێشانی زیاتری وەبەرھێنەری بیانی، لەبەر ئەوەی ئاسانکاری زۆر باش بۆ وەبەرھێنەران دەکات و وادەکات زیاتر ئارەزووی ئەوە بکەن بێن لە ھەرێمی کوردستان پڕۆژە ئەنجام بدەن، چونکە  ئێستا پێدانی مۆڵەت بە وەبەرھێنەران بە ڕێگەی ئەلکترۆنییە و پڕۆژەکان لە چوارچێوەی ڕێبەرێک ئامادەکراون.
ئێستا لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٥٠ پڕۆژە بە سەرمایەی زیاتر لە ١٠ملیار دینار لەلایەن وەبەرھێنەری بیانی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی و وڵاتانی دیکەی گەورەی جیھان لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار