٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراکسیۆنی پارتی لە کەرکووک: تا دادگا بڕیار دەدات لە بایکۆت بەردەوام دەبین

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: ئێمە سێ فراکسیۆن لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تا بڕیاری دادگا دەردەچێت لە بایکۆتکردن بەردەوام دەبین و بەشداری ھیچ دانیشتنێک ناکەین.

حەسەن  شێخانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان، مەکتەبی ڕێکخستن و لقی سێی پارتی لە کەرکووک داوەتنامەمان بۆ ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردی لە کەرکووک ناردووە، تا سبەی لە بارەگای لقی سێ لەبارەی پرۆسەی سەرژمێری و چۆنیەتی ھەنگاونان کۆببینەوە و نەخشەڕێگایەک بدۆزینەوە بۆ پێکەوە کارکردن لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی سەرژمێری لە کەرکووک، هاوکات ئێمە کە حەوت ئەندامی ئەنجوومەنی هەرسێ کوتلەی پارتی و تورکمان و سیادە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنمان کردووە تا ئەو کاتەی دادگای قەزای ئیداری بڕیارێکی دروست لەسەر سکاڵاکەمان دەدات، بۆیە ئەوەی ئێستا بەشداری لە کۆبوونەوەکان دەکات تەنیا نۆ ئەندامن، حەوت ئەندام بایکۆتی کۆبوونەوەیان کردووە.
حەسەن شێخانی گوتیشی: ئێمە لە دادگا سکاڵامان تۆمار کردووە و پێمان وایە کۆبوونەوەکەی لە ئۆتێل ڕەشید لە بەغدا ئەنجامدرا یاسایی و دەستوریی نییە، چونکە دۆخی کەرکووک ئارام بوو، ئەوان ڕۆیشتن لەوێ کۆبوونەوەیان ئەنجامدا، ئێمە گرفتمان لەسەر کەسەکان نییە و تێبینیمان لەسەر جۆری کۆبوونەوەکە ھەیە، تا بڕیاری دادگا دەردەچێت ئێمە لە بایکۆتکردن بەردەوام دەبین، ئەوان بۆ خۆیان بەبێ ئاگاداری ئێمە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنیان پەسەند کردووە، تەنانەت تا ئێستا ھەر نەشمان بینیوە، بۆیە بەو شێوەیەی ئێستا دان بە ھیچ بڕیارێکی ئەنجوومەن دانانێین، بەڵام ڕۆژانە وەکو نوێنەری خەڵکی کەرکووک لە ئەنجوومەن پێشوازی لە خەڵکی خۆمان دەکەین و بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانیشیان دەکەین.

دەشڵێت: کەرکووک بارودۆخێکی تایبەتی خۆی ھەیە و بەپێی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان کەرکووک تایبەتمەندی خۆی ھەیە، پێویستە ھەر جۆرە بڕیارێک ڕەزامەندی ھەموو کوتلە و نەتەوەکانی لەسەر بێت.
بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار