٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی دەستەی ژینگە، بەرنامەی شاندی باڵای ھەرێم بۆ کۆپ ٢٩ رادەگەیەنێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، باس لە بەشداریی شاندەکەی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی کۆپ ٢٩ دەکات و دەڵێت، شاندێکی باڵای ھەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسی کۆپ ٢٩ دەکەن و بەرنامەیەکی تێروتەسەل ئامادەکراوە لەو کۆنفرانسەدا و سەرجەم ئەو سێکتەرانە لەخۆ دەگرێت، کە پەیوەندییان بە ژینگە و کەشوھەوا و ئاو و سێکتەرەکانی دیکەوە ھەیە.

ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەمساڵیش وەک ساڵانی پێشوو، ھەرێمی کوردستان بە شاندێکی فراوان بەشداری لە کۆنفرانسی لایەنەکان "کۆپ ٢٩" دەکات، کە بریتییە لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەو وڵاتانەی واژۆیان لەسەر پابەندبوون بە (ڕێککەوتننامەی پاریس)ەوە کردووە، لەو کۆنفرانسەدا کار بۆ جێبەجێکردنی بڕگە و ڕاسپاردەکانی نێو ڕێککەوتننامەی چوارچێوەیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوھەوا دەکەن، ھەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە چارەسەر بۆ گرفتە جیھانییەکان، وەک گۆڕانی کەشوھەوا و بەھێزترکردنی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە داڕشتنی ئەو بڕیار و ڕاسپاردانەی لە بواری گۆڕانی کەشوھەوادا دەدرێن و بەرجەستەکردنی ئەو بەڵێنە ژینگەییانەی، کە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتوون.

ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق گوتیشی: ئەو کەرتانەی ھەرێمی کوردستان ڕێکاریی تێدا ھەیە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا، لە ڕێگەی بەھێزکردنی توانا نیشتمانییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا لەسەر سێکتەرە جیاوازەکان، بە تایبەت ئەو سێکتەرانەی زیاتر ھەستیار و کارتێکراون، بەم شێوەیەیە:
یەکەم- (سەرچاوەکانی ئاو)
سەرچاوەکانی ئاو و وەبەرھێنانی بەردەوام لە ئاوی ژێر زەوی و پارێزگارییکردنی بۆ نەوەکانی ئایندە و پاککردنەوەی ئاو و کەمکردنەوەی بەھەدەردانی ئاو و داھێنانی تەکنیکی نوێ لە ڕوانین و چاودێرییکردنی سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی و دیاریکردنی جۆرەکەی لەگەڵ پێویستیی پاراستنی ھاوسەنگیی ھایدرۆجینی ئاوی ژێر زەوی بە شێوەیەکی گشتی و بنیاتنانی زۆر لە بەنداو و کۆگای زەمینی بۆ کۆکردنەوەی ئاو و لادانی مەترسییەکانی لافاو و دابینکردنی بەشەئاوی پێویست بۆ کاتی وشکەساڵی و دووبارە ئاودانەوە بۆ بەردەوامیدان بەو چینانەی ژێرەوە، کە ھەڵگری ئاوی ژێر زەویین.

دووەم- کەرتی (کشتوکاڵ)
ڕاگرتنی تێکچوونی خاک و لەوەڕگا و ڕووپۆشی ڕووەکی و ھەوڵدان بۆ دووبارە شیاندنەوەیان و چاککردنی شێوازەکانی بەڕێوەبردنی زەوییەکان و پشتبەستن بە کشتوکاڵکردنی زیرەک و پارێزگاریکار، بە تایبەت لە بواری کشتوکاڵ و دارستاندا.
سێیەم- کەرتی (تەندروستی)
زیادکردنی توانای گونجاندنی کەرتی تەندروستی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا لە ڕێگەی دابینکردنی پاڵپشتیی پێویست و گشتگیر بۆ دامەزراوە تەندروستییەکان و ژێرخان و بۆ پتەوکردنی بەدەمەوەھاتنی نیشتمانییانە.

چوارەم- سیستەمە (سرووشتییەکان و دارستانەکان)
پاراستنی سیستمی ئیکۆلۆژیی لە ڕێگەی زیادکردنی توانای خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا و کارکردن بەو چارەسەرە ئاو و ھەواییانەی پەیوەستن بە سرووشتەوە.

پێنجەم- (کەرتی ئاوەڕۆ و پاشماوەکان)
پاڵپشتیکردنی بەڕێوەبردنی تەواوکاریی پاشماوەکان و پتەوکردن و چاککردنی بەڕێوەبردنەکەی و ڕیسایکلینکردنیان بۆ بەرھەمھێنانی وزە لە پاشماوەکان، جگە لەوەش، ئاو و ھەوا و ڕووداوەکان و مەترسییە دووبارەبووەکان و ڕووداوە لەسەرخۆکان، کە دەرھاویشتەی گۆڕانی کەشوھەوان و زیادکردنی توانای ژێرخانی دەزگاکانی حکوومەتە بۆ پێشبینییکردن و چاککردنی ئامادەسازییەکان لە ڕێگەی کەمکردنەوەی تووشبوون بە مەترسییەکان.

شەشەم- (خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و زانست و تەکنۆلۆژیا)
پشتبەستن بە توێژینەوەی زانستی و پەرەپێدانی تەکنۆلۆژی، پایەیەکی بنەڕەتیی سەرکەوتنە لە ڕێگەی کاری ھاوبەش لە نێوان کەرتە نیشتمانییەکان، بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکان و کەرتی وزە و زیادکردنی توانای کەرتی وزە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا لە میانی پاڵپشتیکردنی بەرنامەکانی خۆگونجاندن و کارکردن، لە ھەمان کاتدا لەگەڵ تەوەرەکانی کەمکردنەوە بۆ بەھێزکردنی بەدەمەوەھاتنی نیشتمانی لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانەکانی کەشوھەوا.

حەوتەم- (گەشتوگوزاری سرووشتی و کەلتووری)
زیادکردنی توانای کەرتی گەشتوگوزار و کەلەپووری جیھانی و ھاندانی وەک یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی فرەچەشنکردنی داھا‌تە ئابوورییەکان لە وڵاتدا و پاراستنی شوێنەوار و کەلەپووریی جیھانی و دانیشتووانە ڕەسەنەکان لە ھەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوھەوا و ھاندانی گەشتوگوزاری ژینگەیی بەردەوام.
بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار