ڤیان سەبری بۆ KDP باسی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بۆ دەرەوە دەكات

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، لە بەرژەوەندیی عێراق و ھەرێمی کوردستاندایە، چونکە ساڵانە بە ھۆی راگرتنی نەوتی ھەرێمەوە ٢٠ ملیار دۆلار زیان بەر عێراق دەکەوێت، بۆیە لیژنەیەکی راوێژکاری سەردانی ھەرێم دەکات و ھەڵسەنگاندن بۆ تێچووی دەرھێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەکات.
د. ڤیان سەبری، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، پرسێکی زۆر گرنگە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان و لەناو یاسای بودجەشدا بڕگەیەکی تایبەت بە نەوت ھەیە، کە نەوت ھەناردەی دەرەوە دەکرێت یاخود ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکرێت، کە ھەردوو بژاردەکە جیاوازییان ھەیە، چونکە وەستانی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، زیانی بۆ بودجەی عێراق هەیە و بۆ ھەرێمی کوردستانیش گرنگە نەوتی ھەرێم ھەناردە بکرێتەوە.
سەبری گوتیشی: لە دوابڕیاری ئەنجوومەنی وەزیراندا پێشنیاز کراوە تێچووی دەرھێنانی بەرمیلێک نەوتی ھەرێمی کوردستان ١٦ دۆلار بێت، بەھۆی ئەوەی سرووشتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرھێنانی نەوت لە ناوچەکانی دیکەی عێراق جیاواز و قورسترە، بۆیە تێچووی زیاتری بۆ کۆمپانیاکانی دەرھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەوێت، لەبەر ئەوە لیژنەیەکی راوێژکاری دێتە ھەرێمی کوردستان و ھەڵسەنگاندن بۆ ھەر کێڵگەیەکی نەوت دەکات، تا بزانن تێچووی چەندە، کە ھەر کێڵگەیەک تێچووی جیاوازە لەگەڵ یەکێکی دیکە، بۆیە ئەو لیژنەیە کاری خۆی دەکات بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتن.
ناوبراو ئاماژەشی دا: بۆ ھەرێمی کوردستان پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بۆ دەرەوە زۆر گرنگە و پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و تورکیا ئەو پرسە چارەسەر بکات، چونکە لایەنی سێیەم لە دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، تورکیایە، لەبەر ئەوەی لە رێگەی تورکیاوە نەوتی ھەرێم ھەناردە دەکرێت، بۆیە پێویستە لەگەڵ ئەوانیش رێککەوتن بکرێت.
دەشڵێ: ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم، لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان و عێراقیشە، بۆیە کە رێککەوتن لە نێوان ھەردوو حکوومەتدا کرا، کە ھەناردەکردنەوەی نەوت لە بودجەشدا باس کراوە، دێتە پەرلەمان و ئەوکات گرفتی بۆ دروست ناکرێت و دەتواندرێت یاسای بودجە ھەموار بکرێتەوە و تێیدا رێککەوتنەکە جێگیر بکرێت و ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە.
"پێویستە ئەو پرسە بکرێتە ئەولەویەت و بە زوویی چارەسەر بکرێت، چونکە بە هۆی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە، عێراق ساڵانە ٢٠ ملیار دۆلار زیانی بەردەکەوێت، بۆیە گرنگە بە زوویی رێککەوتن بکرێت و دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بکرێتەوە". سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وای گوت.
بڵند ئیبراھیم




