٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. كاوه‌ مه‌حموود بۆ KDP: پێویستمان به‌ دیالۆگێكی نیشتیمانی هه‌یه‌

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سكرتێری گشتیی حزبی شیوعی كوردستان، باس له‌ دۆخی كوردستان ده‌كات و ئاماژه‌ به‌ ده‌ستپێشخه‌ریی سه‌رۆك بارزانی ده‌كات بۆ قۆناغی داهاتووی كوردستان و ده‌ڵێت: بنه‌ماكانی كاك مه‌سعوود بارزانی بۆ داهاتووی كوردستان كە گوتی، ده‌بێت یه‌ك په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و هێزی پێشمه‌رگه‌ هه‌بێت زۆر گرنگن.

له‌باره‌ی قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردنی كوردستان و هەنگاوەكانی ئێستای هێزه‌ سیاسییه‌كان، د. كاوه‌ مه‌حموود، سكرتێری گشتیی حزبی شیوعی كوردستان، تایبەت بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "هه‌رێمی كوردستان پێوستی به ‌مامه‌ڵه‌یه‌كی نوێ هه‌یه‌ له‌ دوای ئه‌م قۆناغه‌ی هه‌ڵبژاردن، راسته‌ هه‌ڵبژاردن هۆكار نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و گرفتانه‌ی هه‌مان بوون هەموویان چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام پێویستیمان به‌ دیالۆگێكی نیشتیمانی هه‌یه‌ كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌شدار بن و پێویسته‌ ئه‌و دیالۆگه‌ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ره‌خنه‌گرانه ‌بێت بۆ بابه‌تی حوكمڕانی و چۆنیه‌تیی حوكمڕانییەکی باش و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ به‌ڕێوه‌بردنی دامه‌زراوه‌كان و كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كان، جیا له‌وه‌ش كاڵكردنه‌وه‌ی زۆنه‌كان و لابردنی بابه‌تی دووئیداره‌یی، ئه‌مانه‌ ده‌بێت هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بكه‌ین له‌گه‌ڵ به‌غدا، كه‌ چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین و هەروەها چۆنیش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كاندا بكرێت".

له‌باره‌ی داواكاریی سه‌رۆك بارزانی، كه‌ وه‌ك بنه‌مای قۆناغی داهاتووی كوردستان ڕایگەیاند، قۆناغی داهاتوو ده‌بێت یه‌ك په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و هێزی پێشمه‌رگه‌ هه‌بێت، د. كاوه‌ گوتی: "ئه‌وه‌ی كاك مه‌سعوود بارزانی باسی كردووه،‌ گرنگه‌ كاری له‌سه‌ر بكرێت و له‌وه‌ش گرنگتر ده‌بێت لایه‌نی براوه‌ی هه‌ڵبژاردن كه‌ هه‌ڵگری ئه‌م بنه‌مایه‌یه‌، روونكردنه‌وه‌ بده‌نه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و به ‌دیالۆگی نیشتیمانی پرسه‌كان چاره‌ بكرێن".

 

هەواڵی پەیوەندیدار