٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی حوسێن بۆ KDP: زۆر لایەن بوختانیان بە پارتی دەکرد

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی - هەڵەبجە - ڕاپەڕین، گوتی: پارتی زۆر جار لە ماف و حەقی خۆی خۆش بووە لە پێناو کوردستان و هاووڵاتیاندا و دەشڵێ: ئێستاش پارتی لە پێناوی یەک حکوومەت و یەک هێزی پێشمەرگە و پەرلەمان و کوردستانێکی بەهێز، کار دەکات بۆ ئەوەی بە زوویی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبێت، کە ئەمە خواستی هاووڵاتیان و دۆستەكانمانە لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان.

عەلی حوسێن، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە ویستوویەتی کوردستان بەهێز بێت، هەر کاتێكیش پارتی بەهێز بووبێت، کوردستان بەهێز بووە، بۆیە خەڵکی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا متمانیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان دایەوە، تا كوردستان بەهێز بێت، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر هەوڵ درا هەڵبژاردن نەکرێت، بەڵام پارتی سوور بوو لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن".

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی - هەڵەبجە - ڕاپەڕین، گوتیشی: "زۆر لایەن بوختانیان بە پارتی دەکرد و دەیانگوت، پارتی کورسییەکانی لە پەرلەمان کەم دەکات و زۆرینەی نامێنێت و نەماوە، بۆیە ئێمە لەوانە دەپرسین، کەی پارتی زۆرینەی پەرلەمانی بەکار هێناوە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکان؟ بە پێچەوانەوە پارتی هەرگیز زۆرینەی بەکار نەهێناوە و بەکاری ناهێنێت، چونکە پارتی خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە بەرانبەر پرسە نیشتیمانییەکان، پارتی حیزبی نەتەوە و نیشتیمانە و هیچ کات سڵ ناکاتەوە لەو بوارەدا".

دەشڵێ: "پارتی حیزبی وەفایە و هیچ کات هاوپەیمانەکانی بە تەنیا بەجێ نەهێشتووە و پشتیوانیان بووە و زۆر جاریش لە ماف و حەقی خۆی خۆش بووە و دەستبەرداری بووە بۆ هاوپەیمانەکانی لە پێناو کوردستان و هاووڵاتیاندا، ئێستاش لە پێناوی یەک حکوومەت و یەک هێزی پێشمەرگە و پەرلەمان و کوردستانێکی بەهێز، کار دەکات بۆ ئەوەی بە زوویی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبێت، کە ئەمە خواستی هاووڵاتیان و دۆستانی کوردستانە لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان".

پەیوەست بە پێکەوەژیان لە كوردستان و بەرگریی بەردەوامی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕابردوو و ئێستاش لە ماف و بوونی پێکهاتەکان، عەلی حوسێن گوتی: "هەبوونی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە پێکهاتەکان، نیشاندانی ڕوویەکی جوانی کوردستانە، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕابردوو و ئێستاشدا بەرگری لە مانەوە و بوونی پێکهاتەکان کردووە و دەکات".

 

بەرهەم شێخ عزەدین

 

هەواڵی پەیوەندیدار