٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دكتۆر بەشیر بۆ KDP: خەڵک داواکاری و چاوەڕوانی زیاتری له‌ پارتی ھەیە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، خەڵکی ھەرێمی کوردستان متمانەیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان ھەیە و چاوەڕێ دەکەن پارتی خزمەتی زیاتریان بکات، بۆیە لەم ھەڵبژاردنە پارتی زۆرینەی کورسی بەدەستھێناوە و دەنگیشی زیادی کردووە. 

د. بەشیر خەلیل حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، تایبه‌ت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان نزیکەی دوو ساڵ  دواکەوت، پێشتر پێویست بوو بکرێت، ھەڵبژاردنێکی چارەنوساز بوو لەبەرئەوەی شەرعیەتی دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کەوتبووە ژێر پرسیارەوە، ئێستا بەم ھەڵبژاردنە شەرعیەتەکە پتەو بووەوە و نوێ بووەوە، دەکرێت ئێستا دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باشتر کارەکانی خۆیان ئەنجام بدەن، بۆیە پێویستە ئەوانەی بەشداربوون و دەنگیان ھێناوە ھەوڵی جیددی بدەن بۆ ئەوەی لە گفتوگۆکان بگەنە ڕێککەوتن بۆ پێکھێنانی کابینەی ١٠یەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چونکە ھەموو بارودۆخی سیاسی، ئەمنی، ئابووری، ناوچەیی و ناوخۆییەکان وا دەخوازێت کابینەی تازە زوو پێکبێت، چونکە دواکەوتنی کابینە و کۆسپ دروستکردن لە بەردەمی زیان بە ھەرێمی کوردستان دەگەینێت، بۆیە پێویستە لایەنەکان قۆناغی بانگەشە جێبێڵن و بێنە زمانی گفتوگۆ و ڕێککەوتن.

د.بەشیر خەلیل حەداد ئاماژەیشی دا: ئەگەر تەماشای ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن بکەین پارتی وەکو حزبی یەکەم زۆرترین دەنگی بەدەستھێناوە و دەنگی زیادی کردووە، ئەوە نیشانەی ئەوەیە خەڵک باوەڕی بە کارەکانی ھەیە و داوای کاری زیاتر و چاوەڕوانی زیاتری لێ ھەیە و دڵی بەو پڕۆژانە خۆشە لە کابینەی نۆ دەست پێ کراون، چاوەرێ دەکات پڕۆژەکان لە کابینەی داھاتوو تەواو بکرێن، خەڵک بۆیە دەنگی بە پارتی داوە، بۆ ئەوەی پارتی لە کارەکان و خزمەتکردن بەردەوام بێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە بەدەستھێنانی ٣٩ کورسی بە ڕێژەیەکی بەرچاو لەپێش ھەموو حزبەکانی دیکەوەیە و دەنگێکی زۆریشی زیاد کردووە. 

 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار