نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان، لە رێگەی KDPیهوه داوایەک ئاراستەی حکوومەت دەکات

ھەولێر-KDP.info- نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت، بە نووسراوی فەرمیی داوامان لە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە، ھاوشێوەی فەرمانبەران، زەوی بە ڕۆژنامەنووسانیش بدرێت.
حاکم ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بەپێی یاسای ژمارە ٣٥ی ڕۆژنامەگەری ساڵی ٢٠٠٧، پێویستە وەک فەرمانبەران مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان بکرێت و بەپێی یاسای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئەو کارەی ڕۆژنامەنووس کاری تێدا دەکات خزمەتی ڕۆژنامەگەرییە و داوا دەکەین و نووسراومان بۆ سەرۆکی حکوومەت کردووە و لەڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتییەوە داوا دەکەین حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چاوپێداخشاندنەوە بە دۆخی ڕۆژنامەنوساندا بکات، چونکە زەوی بە فەرمانبەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەدرێت، داوا دەکەین بە ڕۆژنامەنووسانیش بدرێت و باری گوزەرانی خراپی ئەوانیش لەبەرچاو بگیرێت.
حاکم ئازاد حەمەدەمین گوتیشی: داواکارین بەپێی خاڵبەندی زەوی بەوانیش بدرێت، چونکە ڕۆڵێکی گرینگیان ھەیە لە ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ھەرێمی کوردستان، لە دھۆک ھەندێک زەوی بە ڕۆژنامەنووسان درا کە پێشتر ڕەزامەندییان ھەبوو، ھەندێکیان فەرمانبەرن ئەوانیش وەکو فەرمانبەر وەریدەگرن، ئومێدەوارین ئەوانەی دەمێننەوە ئەوانیش زەویان پێ بدرێت.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکات، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانیش بە نووسراوی فەرمیی داوای لە سەرۆکی حکوومەت کردووە رۆژنامەنووسان لە زەوی وەرگرتن سوودمەند بن.
دەشڵێت: چاوەڕێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین بە ئەرێنی وەڵاممان بداتەوە، بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسانیش لە زەوی سودمەند بن.
بڵند ئیبراھیم




