دکتۆر ناڤسهر بهرنامهی نوێی وەزارەتى شەهیدان بۆ KDP ئاشكرا دهكات

هەولێر-KDP.info- بریکارى وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند، نابێت کەسوکارى شەهیدان بۆ پێنچ ساڵ یەکەى نیشتەجێبوونەکەیان بفرۆشن، پاشان ئەگەر بەکرێیان دا یان فرۆشتیان، دەبێت بە کەسوکارى شەهیدانى بدەن. دەشڵێ: دەمانەوێت لەگەڵ دەزگاى خێرخوازیى بارزانى، بەردەوام هاوکارییان بکەین، ئێستا وەزارەت کار لەسەر کۆتاییهێنان بە کێشەى شوێنى نیشتەجێبوون دەکات و فۆکسمان لەسەر شوققە دەبێت لەبرى پارچەزەوى.
دکتۆر ناڤسهر نوورى، بریکارى وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، له لێدوانێكی تایبهتدا بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: 540 شوققە لە لایەن دەزگاى خێرخوازیى بارزانییەوە نۆژەن کرابوونەوە بە هاوکاریى وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوان، کە دەکەوتنە پارێزگاى هەولێر و ئیدارەى سەربەخۆى سۆران، هەموویان دابەش کران بەسەر کەسوکارى شەهیدانى بەرگریی دژى تیرۆریستانى داعش، کە سوودمەند نەبوون لە یەکەى نیشتەجێبوون.
ناڤسهر نوورى گوتیشی: وەک جەنابى سەرۆک بارزانى و سەرۆکوەزیران ئاماژەیان پێدا، جوانیى کارەکە لەوەدا بوو، جیاوازى لە ئینتیماى حزبى نەکراوە، گرنگ ئەوەیە خانەوادەى شەهید بن و ئەو مەرجانەیان تێدا بێت کە دیاریمان کردوون بەپێی خاڵبەندى، کە پێویستە خانووى نەبێت و منداڵى بچووکى هەبێت و قوتابى هەبێت و نەخۆشى هەبێت، بۆیە وەک ئەو بەڵێنەى سەرۆکى حکوومەت داویەتى، هیچ خانەوادەیەکى شەهید نامێنێت کە نەبێتە خاوەنى یەکەى نیشتەجێبوون.
ناڤسهر نوورى، بریکارى وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوان دەشڵێ: بڕیار دراوە ئیتر فۆکس نەخەینە سەر دابەشکردنى پارچەزەوى، زیاتر هەوڵ بدەین یەکەى نیشتەجێبوون دابەش بکەین، تا کێشەى نیشتەجێبوونى کەسوکارى شەهیدان نەهێڵین، ئێستاش چەندین شوققەى ترمان ماوە هێشتا هەیکەلن لە دهۆک و خەبات، لە سلێمانیش تەواویان دەکەین و دابەشیان دەکەین.
عەزیز ڕەسووڵ




