"سەرژمێری دەرفەتە بۆ ڕاستکردنەوەی ھەڵەکانی مێژوو"

ھەولێر-KDP.info- چاوەکان لەسەر کەرکووکن، نوێنەری ھەرێمی کوردستانیش لە لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ی دەستوور، بڕیاری تۆمارکردنی خەڵکی رەسەنی ناوچە کوردستانییەکان، لە بەرژەوەندیی ھەرێمدا لێک دەداتەوە.
لەو کاتەی دەستم بە نووسینی ئەم راپۆرتە کرد، قسەم لەگەڵ ھاووڵاتییەکی خەڵکی رەسەنی ناوچە کوردستانییەکان کرد، گوتم بەم بڕیارەی تۆمارکردنی خەڵکی رەسەنی ناوچە کوردستانییەکان دڵخۆشی؟ یەکڕاست دەڵێت، بەڵێ، "ئێمە ھەموومان چاوەڕێی ئەم بڕیارە بووین، بەڵام دەترسین درەنگ بێت." ئەم ڕستەیە ھەموو ئەو یادەوەرییە دێنێتە پێش چاو، کە زاھیر قادری تەمەن ٦٠ ساڵ، لەبارەی ئەم بڕیارەوە قسەی بۆ کردم.
پرسی ناوچە کوردستانییەکان، ململانێیەکی دیمۆگرافی و جیۆگرافیی قووڵی ھەیە، لێکتێگەیشتنی ھەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ھەنگاوی ئەرێنی بەدوای خۆیدا دێنێ.
دژوار فایەق، نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، "ماوەیەکی زۆرە کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەین کە خەڵکی رەسەنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ناویان لە سەرژمێریدا تۆمار بکرێت، بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی کوردستانە، بە تایبەتی بۆ ناوچەکانی کەرکووک و دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ھەرچەندە لە ڕووی جێبەجێکردنەوە کارێکی زەحمەتە، چونکە خەڵکێکی زۆر لە ناوچەکانی کەرکووک و سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق لە دەرەوەی ناوچەکانی خۆیان دەژین و ھەندێکیان گەیشتوونەتە ھەندەران."
شارەزایان، جیھانی ئەمڕۆ بە سەردەمی داتا ناو دەنێن، دەشڵێن کە سێ شت گرنگن: ژمارەکان، بەڵگەکان و کات. ھەرێمی کوردستان لە خاڵێکی مێژووییدایە کە ھەر سێ فاکتەرەکەی تێدا کۆبووەتەوە. بڕیاری تۆمارکردنی خەڵکی رەسەن بۆ سەرژمێریی دانیشتووان لە ناوچە کوردستانییەکان، وەک زاھیر قادر دەڵێت، "دەرفەتە بۆ ڕاستکردنەوەی ھەڵەکانی مێژوو."
دژوار فایەق، پێوەست بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بۆ سەرژمێری دەڵێت، پێویستە ئاسانکاری بکرێت و ئەو ھاووڵاتیانە لەسەر پارێزگای خۆیان تۆمار بکرێن و بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆ جێبەجێ نەکرێت، تا ھاووڵاتیان بتوانن بگەنە شارەکانیان بۆ خۆتۆمارکردن لە پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی، یانیش لیژنەی ھاوبەش دروست بکرێت ئەو ھاووڵاتیانەی خەڵکی ناوچەکانی دیکەی کوردستانین و لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن، لێرەوە ناونووس بکرێن، لەبەر ئەوەی کێشە ھەیە، بە تایبەتی خەڵکێکی زۆری شنگال بێبەش دەبن لە پڕۆسەکە.
دژوار فایەق، داوای لە ھاووڵاتیانی ناوچە کوردستانییەکان کرد، لە ڕۆژی سەرژمێریدا بەشدار بن لە خۆتۆمارکردن و گوتی: تۆمارکردنیان دەبێتە بەڵگەیەکی مێژوویی بۆ سەلماندنی کوردستانیەتی ئەو ناوچانە، ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشە ھانی ھاووڵاتیانی ئەو سنوورانە بدات بۆ بەشداریکردن لە سەرژمێری.
قائید میرۆ




