٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

له‌ KDPیه‌وه‌ بزانه‌ كوردستانیان لە بەرامبەر چیدا ئه‌و ده‌نگه‌ زۆره‌یان به‌ پارتی داوه‌

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی - ھەڵەبجە - راپەڕین گوتی: دەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان لەم ھەڵبژاردنەدا لە سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە و راپەڕین زیادی کردووە و خەڵکی لە بەرامبەر ئەو خزمەتەی پارتی و کابینەی نۆیەم پێشکەشی هاووڵاتیانی کردووە، دەنگیان بە پارتی داوە، بە تایبەت لە پارێزگای ھەڵەبجە پارتی لە کۆی سێ کورسی، کورسییەکی بەدەست ھێناوە، کە یەکەم جارە بووەتە بازنە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە خەڵکی وەفای ھەبووە بەرامبەر ئەو خزمەتەی پارتی و حکوومەت کردوویەتی، بۆیە لە داھاتوودا پارتی خزمەتی زیاتر پێشکەشی خەڵکی دەکات.

یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی - ھەڵەبجە - راپەڕین، دیاری حوسێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە دەدات: پێویستە ئەو واقیعە باس بکرێت، کە پارتی بۆ ئەم وڵاتە و خزمەتکردنی ئەم نیشتمانە دامەزراوە و بۆ ئەوە دامەزراوە ئەو خەڵکە رزگار بکات و خەڵکیش لەمە تێگەیشتوون، بۆیە لەم ھەڵبژاردنەدا خەڵک قەرزی پارتی دایەوە و پارتیش موڵکی خەڵکی کوردستانە، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمجارە دەنگی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

دیاری حوسێن گوتیشی: لە سنووری سلێمانی و لە ھەڵەبجەش بە تایبەت، کە یەکەم جارە ببێتە بازنە، پارتی توانی کورسی بێنێت، کە کاریگەریی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەدەستھێنانی ئەو کورسییە زۆر بوو، چونکە جگە لە خزمەتەکانی پارتی، سەرۆکی حکوومەت خۆی سەردانی پارێزگاکەی کرد و بەردی بناغەی بۆ کۆمەڵێک پڕۆژەی دانا و کۆمەڵێک پڕۆژەی کردەوە و هەروەها بەردی بناغەی سایلۆی ھەڵه‌بجەی دانا و خورماڵیش کرایە قەزا و داواکاریی خەڵکی جێبەجێ کرد، خەڵکیش ئەوەی لەبەرچاو بوو کە خەڵک ئاشت کرایەوە، بۆیە توانرا لەو پارێزگایە کورسی بەدەست بێنین.

یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی - ھەڵەبجە - راپەڕین، باسی لەوەش کرد: بەھۆی خزمەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو پارێزگایە، ئەمجارە حیزبی سێیەم بووین، لە داھاتووشدا ھەنگاو بەرەو پێشەوە دەنێین بۆ ئەوەی ببینە یەکەم و دووەم لەسەر ئاستی ئەو پارێزگایە، چونکە ئەو بەڵێنانەی دراون لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە جێبەجێ کراون و جێبەجێش دەکرێن، بۆیە خەڵکی ھەڵەبجە بەوەفایە و سەرۆک بارزانی بەڵێنی بە ھەڵەبجە دا بکرێتە پارێزگا و کرایە پارێزگاش، بۆیە دڵنیا بن لە داھاتوودا خزمەتی زیاتری سلێمانی و راپەڕین و پارێزگای ھەڵەبجەش بە تایبەت دەکرێت، چونکە سەرۆک بارزانی خۆی رێزی تایبەتی بۆ ھەڵەبجە ھەیە، بۆیە لە ئایندەدا پارتی چەند زیاتر بەرپرسیارەتی وەربگرێت، ھێندە زیاتر خزمەتی ئەو شارە زوڵملێکراو و کیمیابارانکراوە دەکات.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار