ئومێد خۆشناو: ئەو زەوییانەی دابەش دەکرێن لە باشترین شوێنی ھەولێرن

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، تیروپشک بۆ سێ هەزار پارچە زەوی كرا بۆ ئەوەی بەسەر سێ هەزار فەرمانبەر دابەش بكرێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لە چوارچێوەی بڕیارەکانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە پێدانی زەوی بەسەرجەم فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کە مەرجەکانیان تێدایە.
پارێزگاری ھەولێر گوتیشی: دوای دەرچوونی فەرمانی سەرۆکوەزیران، ڕێکارەکانی دابینکردنی زەوی دەستی پێکرد، بەخۆشحاڵیەوە دوای تەواوبوونی ماستەرپلانی ھەولێر، یەکێک لە باشترین شوێنەکانی ھەولێر دیاریکرا ئەویش دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکی ھەولێر-دھۆک.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، بە گوێرەی ئامادەکارییەکانی ئەو ماستەرپلان و دیزانییەی بۆ ئەو زەوییانە کراوە، شارێکی مۆدێرن دروست دەکرێت کە:
١- ئاوی بە ئاسانی پێدەگات، چونکە نزیک پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی ھەولێرە.
٢- لە دیزاینکردنیدا شەقامی ٣٠ مەتری و ٢٠ مەتری تێدایە، کەمترین ژمارەش شەقامی ١٢ مەتری تێدایە، ھەروەھا ھەموو خزمەتگوزارییەکی بۆ دابین دەکرێت، وەک "ڕێڕەوی پاسکیلسواری، ڕێژەی سەوزایی و خزمەتگوزارییەکانی دیکە.
ئومێد خۆشناو، باسی لەوەش کرد: ئەمرۆ پێنجشەممە، تیروپشک بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی پلاندانان، کاروکارباری کۆمەڵایەتی، شارەوانی و پەرلەمانی کوردستان، بەشێواز و میکانزمێکی باش کرا، ھەروەھا پیرۆزبایی لەو سێ ھەزار فەرمانبەرانە دەکەین کە ناویان دەرچووە، هاوکات دوای دڵنیابوون لە سوودمەندبوونیان ئینجا کارتەکانیان پێ دەدرێت.




