٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەھۆی بایەخدانی حکوومەت بە بەرھەمی ناوخۆیی لەم کابینەیە زیاتر لە ٧٠ کارگە دامەزراوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان توانیمان لە ڕێگای دروستکردنی دەیان کارگە، ھەرێمی کوردستان لە ھاوردەکار بۆ ھەناردەکار بگۆڕین، هاوکات ئێستا بەرھەممان بۆ عێراق و دەرەوە ھەناردە دەکرێت و ١٣٥ ھەزار ھەلی کاریش ڕەخسێندراوە.

بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: یەکێک لە پلان و بەرنامەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردنەوە و دامەزراندنی کارگەی گەورەیە، لەم کابینەیە زیاتر لە ٧٠ کارگەی گەورە و بچووکی وەکو کارگەی ئاسن، ستیل، وایەر و کێبڵ، مۆبایل و بەرھەمھێنانی بەروبوومی سپیاتی و ھیتر دروستکراوە، ھەروەھا مۆڵەت بە کارگەی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەباییش دراوە، بۆیە لە ھەرێمی کوردستان زۆرترین مۆڵەت بە پڕۆژەی پیشەسازی دراوە.

بەرگەشت ئاکرەیی گوتیشی: بڕیارە لە ساڵانی داھاتوو کارگەی زیاتر بکرێنەوە، بۆیە ئێستا کار لەسەر مۆڵەت پێدانیان دەکرێت، چونکە ئامانجمانە لەجیاتی بەرھەم ھاوردە بکەین بەرھەمی ناوخۆ ھەناردەی عێراق و دەرەوەش بکەین، ئێستا بەرھەمی کارگەکانی ئێمە دەچێتە عێراق و دەرەوەی وڵات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەو پلان و بەرنامەیەی دانراوە جێبەجێ کراوە.

گوتەبێژی دەستەی وەبەرھێنان باسی لەوەشکرد: لەم کابینەیە جگە لە دروستکردنی کارگە، ١٣٥ ھەزار ھەلی کار بۆ خەڵک ڕەخساوە و توانراوە پێداویستی ناوخۆ و عێراق و وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتی دیکەش دابین بکەین، بۆیە ھەنگاوی زۆر باشمان ناوە، بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی لە ھەموو بوارێک بەرھەمی ناوخۆمان ھەبێت. 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار