خەسرۆ گۆران بۆ KDP: پارتی لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا دەنگی زیاتر بەدەست دەهێنێت

دھۆک-KDP.info- بەرپرسی پێشووی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، خزمەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و متمانەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بە پارتی، بووە ھۆی ئەوەی لەم ھەڵبژاردنەدا دەنگی پارتی بە رێژەیەکی بەرچاو زیاد بکات. دەشڵێ: گەشبینم بەوەی لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا دەنگی پارتی دەگاتە ملیۆنێک دەنگ، چونکە پارتی لە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بەردەوامە.
خەسرۆ گۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پارتی دیموکراتی کوردستان حیزبی جەماوەرە و جەماوەرێکی نەگۆڕی خۆی ھەیە، ئەگەر جەماوەرەکەی گلەیی و گازندەشی ھەبێت، ڕۆژی دەنگدان دەنگ بە پارتی دەدات، بێگومان ئەمجارەش پارتی دەنگێکی زۆری ھێناوە و ئەمەش دەبێتە ھاندەرێک بۆ ئەوەی لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا دەنگی زیاتر بەدەست بێنێت، چونکە خزمەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان وای کردووە دەنگەکانی زیاتر بن.
گۆران گوتیشی: خزمەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەموو کابینەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە تایبەت لەم کابینەیەدا، خزمەتێکی زۆر و بەرچاون و لە کابینەکانی دیکەشدا لە ھەموو ڕوویەکەوە و لە سەرجەم سێکتەرەکاندا خزمەتی زیاتر دەکات و خەڵکی خۆشمان ئەوەیان لەبەر چاوە، ھەر بۆیە دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن.
ناوبراو باسی لەوەش کرد: پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕابردوودا و لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٠ کە ناوچە کوردستانییەکانیشی لەگەڵدا بوو، دەنگەکانی گەیشتە ملیۆنێک، گومان لەوەدا نییە لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی عێراقیشدا دەنگی پارتی دەگاتە ملیۆنێک دەنگ، بێگومان خزمەتەکانی پارتیش وادەکات دەنگەکانی بەردەوام لە زیادبووندا بێت و زیاتریش دەبن، چونکە پارتی متمانەی زۆری بە جەماوەر و خەڵکی کوردستان ھەیە.
دەشڵێ: لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا، رێژەی دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ٢٣٣ ھەزار و ٥٥١ دەنگ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٨١٢ ھەزار و ٧٩٤ دەنگ، کە بەراورد بە ھەڵبژاردنی ڕابردوو دەنگی پارتی زۆر زیادی کردووە.
بڵند ئیبراھیم




